Accessibility links

مەترسی هەیە ئەم ساڵی خوێندن لە هەرێمی کوردستان هەژمارنەکرێت بەهۆی بەردەوامی بایکۆت


دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەرین و قەزای کۆیە نزیک دەبێتەوە لە دوو مانگ و نوێنەری مامۆستا ناڕازیەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیەش دەڵێن بەپێی یاساکانی یونسکۆ پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی هێڵی سوردایە و ئەگەر تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مامۆستایان بایکۆت نەشکێنن، ئەوا ساڵی خوێندن لەتەواوی هەرێم ئەژمارناکرێت.

دڵشاد میرانی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان و نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لەڕاستیدا پرۆسەی بایکۆت بووە بەناچاری، چونکە لەهەموو دونیادا ئەرک هەیە و ماف هەیە. بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافەکانی بۆ موچە خۆران هەر نیە، یان هەر زۆر زۆر خراپە، لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی کە موچە خۆران بەئەنجامی دەگەیەنن."

نوێنەرەکەی مامۆستا ناڕازیەکانی سلێمانی ویشتی، " لەئەنجامی بایکۆت زیاد لە 713 هەزار خوێنکار لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بێ بەشن لە خوێندن، ئەوەش یەکسانە بە زیاتر لە 45 هەزار مامۆستا. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت حکومەتی هەرێم زۆر کەمتەرخەمە بەرامبەر بە پرۆسەی خوێندن و خستوویەتیە مەترسیەوە، چونکە بەپێی یاساکانی یونسکۆ بێت لە هەر شوێنیێک بەهەر هۆکارێک 45 ڕۆژ خوێندکاران وانە نەخوێن و خوێندن سفر بێت ئەوە ئەو ساڵە ئەهژمار ناکرێت."

دەنگی ئەمەریکا بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوەی لەدەستچوونی ئەمساڵی خوێندن لەئەگەری بەردەوامی بایکۆت پەیوەندی کرد بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمەوە ، بەڵام وتەبێژی وەزارەتەکە سامان سیوەیلی ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.

سامان سیوەیلی وتی، "هیچ شتێکم پێنەگەشتووە و هەر ڕوونکردنەوەیەک هەبێت لە ڕێگەی ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە بڵاوی دەکەینەوە."

شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە ئەژمارنەکردنی ساڵێکی خوێندن لە ئەگەری ئەوەی تا 15-11 پرۆسەی خوێندن دەست پێنەکات پشت ڕاستی کردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نازانم پلانی وەزارەت چیە، خوێندن درێژ دەکاتەوە یاخود ئایە مەنهەجی خوێندن دەگۆڕێت یا کەمی دەکاتەوە، ئەوکات دەبێتە ڕێکەوتن لە نێوان وەزارەتی پەورەردە و یونسێف."

دڵشاد میرانی ڕێکخەری خۆپیشاندانی موچەخۆرانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، " هەرێمی کوردستان بەگەشتی بەیەک پاکێج لەلایەن یونسکۆوە تۆمارکراوە، بۆیە ئێستا لەدوا قۆناغەکانی هێڵی سوری داخستندایە. بەو هیوایەین حکومەتی عێراق بێت یان هەرێم هەر لایەنێک بتوانێت داخوازی مامۆستایان جێ بەجێبکات تا ئەو مەترسیە تێپەڕێنین."

بەڵام ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەژمارنەکردنی ساڵی خوێندن لە دەسەڵاتی یوسنکۆ نیە، بەڵکو حکومەت دەتوانێت بڕیار بدات. دۆخەکە مەترسیدارە و بەو هیوایەین بەزووی خوێندن دەست پێ بکات، تا نەگەینە حاڵەتیکەوە چارەسەر نەکرێت."

گەرمیانی وتیشی، "موچەخۆران مافی خۆیانە شایستە داراییەکانیان وەربگرن، داوامانکردووە هیچ نەبێت لەداهاتی ناوخۆ موچەی مانگی 9 مامۆستایان و فەرمانبەران دوای ئەم چەند ڕۆژەی خشتەی موچەی مانگی هەشت بدرێت."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا پەیوەندی بە یونسکۆ بکات لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

لە ڕۆژی 13-9-2023 ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە یەکەم ڕۆژدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر سوپاسی "خۆڕاگری" مامۆستایانی کرد لە "پشوو درێژییان" بەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان.

25ی مانگی ڕابردووش، لە کاتی کردنەوەی قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی گوتی، "ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن وە داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، من لێرە دەمەوێت پاڵپشتی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەربڕم. منیش لەگەڵ ئەوان، دەنگی خۆم ئەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان، کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانی ئەوان دابینبکرێت. بەڵام ڕووی ڕەخنەکانمان لەو لایەنە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی موچەکانیان و دواخستنی موچەکانیان."

بەڵام سەرەڕای لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەت، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ژێر دروشمی "هەفتەی خۆڕاگری و کۆڵنەدان" چەندین خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایان لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدران.

لە کاتێکدا لەو دوو پارێزگایە خوێندنی حکومی پەکی کەوتووە، لە هەولێر و دهۆک خوێندن بەردەوامە.

بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن هۆکاری فراواننەبوونی مانگرتنەکان بۆ هەولێر و دهۆک دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی مامەڵەی دەستەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان.

ڕۆژی 15-5-2020 ڕۆژێک پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی موچەکانیان، مامۆستا بەدەل بەرواری کە یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی سەرەکی گردبوونەوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا و دواتر دادگا سزای زیندانی بەسەردا جێ بەجێکرد.

دەسەڵات ڕێگا بەبایکۆتی دهۆک و هەولێر نادات:-
بەدەل بەرواری چالاکوان و مامۆستای ناڕازی لە لێدوانێکدا بۆ بەدەنگی ئەمریکا وتی، "95% خەڵکی بادینان ئێستا پاڵپشتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنوری سلێمانی دەکەن لەبەرامبەر ئەو بایکۆتەی کە کردوویانە، بەڵام لەترسی دەسەڵات کەس ناتوانێت ئەو قەسەیە بکات. من ڕۆژانە قەسە لەگەڵ سەد کەس زیاتر دەکەم، هەموویان لەگەڵ بایکۆتی سلێمانین."

ئەو مامۆستا ناڕازیە، وتیشی، " گەر بایکۆت بکەین، نەک هەر ڕووبەڕووی دەستگیرکردن دەبینەوە بەڵکو تۆمەتی بێ بنەما و گرفتی گەورەمان بۆ دروست دەکەن".

نەوزاد عومەر نوێنەری مامۆستایانی ناڕازییە لە هەولێر. ئەو بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، " هەولێر ڕاستە بایکۆتی نەکردووە و دەوامی تێدا دەکرێت، کەم تا زۆر، بەڵام مانای وانیە خەڵکی هەولێر کێشەی نەبێت. ئەو گرفتانەی مامۆستایانی سنوری سلێمانی و ڕانیە و گەرمیان و کۆیە هەیانە، هەمان ئەو گرفتانەش مامۆستایانی هەولێر و سۆران و بادینانیش هەیانە. بەڵام ڕەنگە دۆخەکە جیاواز بێت و بەشێوەیەک ئێرە ئیدارە دەدرێت مامۆستایان و فەرمانبەران نەتوانن بایکۆت بکەن."

بەڵام بەشێک لە مامۆستایان لە هەولێر و دهۆک بارودۆخەکە بە جۆرێکی تر دەبینن.

ئیحسان دەردی مامۆستایەکی شاری دهۆکە کە پێیوایە بایکۆتکردن لە کۆتاییدا زیانی زیاترە لە سود.

ئیحسان دەردی لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند، "تێناگەم، بایکۆت بۆچی بکەم؟ ئەو منداڵەی لەسەر مێزی خوێندنە ڕەنگە کوڕی شەهیدێک بێت کە خوێنی بۆ ئەو وڵاتە ڕشتووە. ئەو منداڵە چی تاوانێکی هەیە کە من بیکەمە قوربانی پلانی لایەنێکی سیاسی عێراق یان ناوخۆی هەرێم کە بییەوێت ئیرادەی میللەتێک بشکێنێت."

سەرباری ئەوەی لەسەرەتاکانی مانگی یازدە داین، بەڵام حکومەتی هەرێم لەئێستادا سەرقاڵی دابەشکردنی موچەی مانگی هەشتە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

بەمەبەستی گەشتنە چارەسەر لەگەڵ عێراق، ئەمڕۆ 8-11-2023 شاندێکی حکومەتی هەرێم گەشتنە بەغدا و پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەڕێگای دوو نامەی فەرمیەوە لەبارەی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە گەیەنرا بە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق .

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند مەسرور بازرانی داوای لە حکومەتی عێراق کردووەموچەی ئەو سێ مانگەی لە ئەمساڵدا ماون بە قەرز یان "بە هەر شێوەیەکی دیکە بێت" لەکاتی خۆیدا بگاتە کوردستان بۆ ئەوەی موچەی موچە خۆرانی فەراهەم بکرێت.

ڕاپۆرتی دیار جەمال

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:31 0:00

XS
SM
MD
LG