ئەنتۆنیۆ گوتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ژمارەی کوژرانی خەلکی سیڤیل لە کەرتی غەززە ئەوە نیشان دەدات کە " هەڵەیەکی ڕوون" لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی چەکدارانی فەلەستینی حەماس هەیە.
ئیسرائیل بەڵێنی داوە بزووتنەوەی حەماس کە فەرمانڕەوایی کەرتی غەززە دەکات لەناوببات دوای ئەو گروپە ملیتنە لە هێرشێکدا لە 7ی مانگی 10 بۆ سەر ئیسرائیل هەزار و 400 ئیسرئیلی کوشت و زیاتر لە 240 کەسیشی بە بارمتە گرت. ئیسرائیل دەستبەجێ بۆ تۆڵەکردنەوە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و پاشان گەمارۆی ئەو ناوچەیەی دا کە نزیکەی 2 ملیۆن و 300 هەزار دانیشتوانی تێدایە و پاشان هێرشە زەمینییەکانی دەستپێکرد.
گۆتێرێش گوتیشی "پێشێلکاری لەلایەن حەماسەوە هەیە کاتێک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەیری ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانە دەکات کە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کوژراون، شتێک هەیە کە بە ڕوونی هەڵەیە".
کاربەدەستانی فەلەستینی دەڵێن 10 هەزار و 569 کەس هەتا ئێستا لە غەززە کوژراون کە لە%40 ی ئەوانە منداڵن.
گۆتێرێس گوتیشی " گرنگە ئیسرائیل لەوە تێبگات کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە کە ڕۆژانە وێنەی ترسناکی پێداویستییە مرۆییە گەلی فەلەستینییەکان ببینرێت. ئەوە یارمەتیدەر نییە بۆ ئیسرائیل لە پەیوەندی لەگەڵ ڕای گشتی جیهانیدا".
گۆتێرێس لەکاتێکدا بە توندی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد "پێویستە جیاوازی بکەین - حەماس شتێکە، گەلی فەلەستین شتێکی دیکەیە".
گوتیشی " ئەگەر ئەو جیاکارییە نەکەین، پێموایە مرۆڤایەتی مانای خۆی لەدەست دەدات."
هەروەها دۆخی مرۆیی غەززەی بە "کارەسات" ناودێر کرد.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە ئاگربەستی مرۆیی دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت یارمەتییەکان بگاتە غەززە. هەروەها وتی 92 کەسی کە لەگەڵ دەزگای پەنابەرانی فەلەستینی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) دا کاریان دەکرد لەم شەڕەدا کوژراون.
دوای مانگێک لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل دەڵێت لە هەوڵە سەربازییەکانی بۆ لەناوبردنی حەماس بەردەوام دەبێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کە لە ڕێگەی سکایپەوە ئەنجام دراوە، وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل پیتەر لێرنەر گوتی وڵاتەکە لە سەرووی هەموو شتێکەوە هەوڵدەدات ئازادکردنی هەموو بە بارمتەگیراوەکان مسۆگەر بکات کە بە پێی قسەکانی تەمەنیان لەنێوان 10 مانگەوە بۆ 88 ساڵانە.
لێرنەر گوتی "پرسی بە بارمتەکان سەرتۆپی بایەخمانە." وتیشی ژمارەی بارمتەکان ئێستا 241 کەسە. ڕایشیگەیاند "ئەوە یەکێکە لە ئەرکەکانی جەنگەکە و هەوڵەکانمان و ئێمە بە ڕێگای زەوی، ئاسمان و دەریاییەوە هەوڵ دەدەین و هەموو ئامرازەکانی لەبەردەستماندایە بەکاردەهێنین."