کاتێک لەشکر و دەسەڵاتەکان بۆردومانی یەکتر دەکەن و ئاگر بەسەر شارەکاندا دەبارێنن، یەکێک لە لێکەوتە تراژیدییەکان بریتتیە لە کوشتنی کەسانی بێتاوان، بەتایبەت منداڵان. لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کە تا ئێستا بەردەوامی هەیە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە کوشتن و بریندارکردنی هەزاران منداڵ دەدەن.
جەیمس ئەلدەر وتەبێژی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف ڕۆژی سێشەممە لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس ئاماژەدەکەن بە کوژرانی سێ هەزار و 450 منداڵ لە غەززە.
بەگوێرەی ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان OCHA، هەزار منداڵی دیکە لەو شارە بێسەروشوێن بوون و ڕەنگە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردبێت یان مردبن.
جێنس لارکی وتەبێژی OCHA دەڵێت، "بەڕاستی بەرگەی ئەوە ناگیرێت بیر لەو منداڵانە بکەینەوە کە کەوتونەتە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکانەوە کە زۆر ئەستەمە دەرهێنانیان."
بەڵام هەر منداڵانی فەڵەستینی قوربانی ئەو شەڕە نین.
بە پێی زانیارییەکانی حکومەتی ئیسرائیل، گروپی حەماس نزیکەی 30 منداڵی ئیسرائیلی ڕفاندووە. ئەوان بەشێکن لە زیکەی 230 بارمتەی ئیسرائیلی کە 7-10-2023 لە لایەن گروپەکەوە ڕفێندران.
بەرپرسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیتس لەم بارەیەوە دەڵێت کەسوکاری ئەم بارمتانە ئێستا "لە ئازاردا دەژین، نازانن ئازیزانیان مردوون یان لە ژیاندان."
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی بارمتەکانی کردووە.
داوای ئاگربەست
نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە هەوڵی ئەوەدان ئاگربەستێک ڕابگەیەنرێت بۆ رزگارکردنی منداڵان و خەڵکی مەدەنی. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ دەستگەیشتن بە هاوڵاتیانی مەدەنی کە لە کەرتی غەززە گیریانخواردووە.
جەیمس ئەلدەر وتەبێژی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف دەڵێت، "بە ناوی ئەو 1.1 ملیۆن منداڵەی لە غەززە کە لەو کارەساتە گەورەیەدا دەژین، داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێ و کردنەوەی هەموو خاڵەکانی دەستڕاگەیشتن دەکەیەن بۆ چوونە ژوورەوەی بەردەوامی یارمەتییە مرۆییەکان."
هاوکات سەرچاوە مرۆییەکان دەڵێن تەندروستی گشتی لەم ناوچەیەدا بەهۆی بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان ئاڵۆزتر بووە.
دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان (WHO) ڕایگەیاند کە تا ئێستا 82 جار بۆردومانی نەخۆشخانەکانی غەززە کراوە و تێکڕا کراون بە بەڵگە.
هەرچەند هەوڵەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان بەردەوامن بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوڵاتیانی غەززە، بەڵام هێشتا منداڵان لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین.
کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف دەڵێت، "یونیسێف پێشوەختە پێداویستییە فریاگوزارییە زیادەکانی بۆ تا 250 هەزار کەس لە دەروازەی ڕەفەح داناوە کە دەتوانرێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بهێنرێتە ناو غەززەوە. لەگەڵ داوای زیاتری بە هاناچوون، ستافەکەمان بەردەوام بوون لە وەڵامدانەوەی پێداویستییە چارەنووسسازەکانی منداڵان لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا."
بەڵام بەبێ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و دەستڕاگەیشتن بە تەواوی فریاگوزارییە مرۆییەکان، ڕێکخراوە چاودێرەکان دەڵێن تا ڕادەیەک ئەستەمە بتوانرێت ژیانی منداڵان رزگاربکرێت یان دەستبەجێ پێداویستییە تەندروستییەکان و ئاو و خواردنیان بۆ دابینبکرێت.
چاودێری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دواهەمین ڕوونکردنەوەیاندا باس لەوە دەکات کە بۆردومان و گەمارۆی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆتە هۆی زیاتر تاوسەندنی قەیرانی مرۆیی کە "لە ئەنجامی داخستنی نایاسایی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی 16 ساڵە سەریهەڵداوە. ڕێکخراوەکە دەڵێت زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی غەززە پشت بە یارمەتییە مرۆییەکان دەبەستن.
هەروەها پزیشکانی غەززە باس لەوە دەکەن کە ناتوانن چاودێری منداڵان و نەخۆشەکانی دیکە بکەن، چونکە نەخۆشخانەکان بەهۆی قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە ناتوانن بەپێی پێویست دەستیان ڕابگات بە قوربانوییەکان.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، یاساکانی شەڕ گەمارۆدانی هێزەکانی دوژمن قەدەغە ناکەن، بەڵام بەمەرجێک ڕێگری نەکات لە دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بەو شتانەی کە پێویستن بۆ مانەوەیان، وەک ئاو، خۆراک و دەرمان. هەروەها لایەنەکانی شەڕەکە دەبێ ڕێگە بدەن و ئاسانکاری بکەن بۆ تێپەڕاندنی خێرای یارمەتییە مرۆییە بێلایەنەکان بۆ هەموو هاوڵاتیانی مەدەنی کە پێویستیان پێیەتی بەتایبەتی منداڵان. ڕەنگە یارمەتییەکان پشکنینیان بۆ بکرێت بەڵام ناکرێت بە مەبەست لایەنە بەشەڕهاتووەکان دوای بخەن یان ڕێگری لێبکەن.
سەرچاوەکان : سوود لە ماڵپەرەکانی UN NEWS, WHO,UNISEF وەرگیراوە