Accessibility links

لوتکەی ئاشتی قاهیرە بۆ تاوتوێکردنی ململانێکانی حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەچوو


میسر ڕۆژی شەممە،21ی ئەم مانگە میوانداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی فەلەستینی حەماس لە غەززە.

سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی ئامادەبوو لە دانیشتنی لوتکەی ئاشتی، بۆردومانی دوو هەفتەیی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە شەرمەزار کرد و خوازیاری دووبارە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە سووڕی توندوتیژیی دەیان ساڵەی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بوون.

لە سەرەتای کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتی قاهیرە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لەنێو سەرۆکی ژمارەیەک وڵاتانی ناوچەکە و چەند شاندی باڵای وڵاتانی ئەوروپا و حکومەتەکانی دیکە، ڕایگەیاند کە میسر نابێتە شوێنێک بۆ ژیانی ئەو فەلەستینیانە.

سیسی گوتی "دەرکردن و گواستنەوەی خەڵکی غەززە سرێنەوەی پرسی فەلەستینە، چارەسەری پرسی فەلەستین گواستنەوە نییە، بەڵکو دادپەروەری و قبووڵکردنی مافی چارەنووسی فەلەستین چارەسەرییە."

سەبارەت بە داخستنی دەروازەی نێوان وڵاتەکەی و کەرتی غەززە لە ناوچەی ڕەفەح لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرۆکی میسر ڕایگەیاند و گوتی ئێمە دەمانەویست دەروازەکە بە پێی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا کراوە بێت، بەڵام بۆردومانی ئیسرائیل ڕێگری لێدەکرد.

سەرۆکی میسر گوتیشی "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەمارۆدانی غەززە و ئازاری خەڵکی سڤیل جێگای سەرسوڕمانە." گوتیشی "داوای کردنەوەی هەمیشەیی دەروازەی ڕەفەح و دابەشکردنی یارمەتییەکان دەکەین لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا."

هاوکات لەگەڵ لوتکەی قاهیرە، دەروازەی ڕەفەح بۆ چوونە ژوورەوەی هێڵێکی ترێلەر و بارهەڵگر کە هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ غەززە دەگواستەوە، کرایەوە.

بەڵام بزووتنەوەی حەماس کە کەرتی غەززەی بەدەستەوەیە ڕایگەیاندوە کە کردنەوەی ڕەەفەح تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت بووە.

لە کۆبوونەوەکەی قاهیرە کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی میسرەوە ڕاگەیەندرا، پرسەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و یارمەتیدانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە و ئەگەری هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی تاوتوێ کراون.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆ چاودێریکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، سەردانی میسری کردووە، لە کۆبوونەوەکەی قاهیرە ڕایگەیاند کە دەبێت هەنگاو بنێن بۆ کۆتایی هێنان بەو خەونە ناخۆشە بەردەوامە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس داوای ئاگربەستی مرۆیی کرد و بە ئاماژەدان بە هاتنی بارهەڵگرەکانی یارمەتی بۆ غەززە لە ڕەفەحەوە گوتی "غەززە پێویستی بە زیاتر لەمە هەیە."

شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن کە وڵاتەکەی وەک میسر هاوپەیمانی ئەمەریکایە و پەیوەندی سیاسی تەواوی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، لە کۆبوونەوەی قاهیرەدا گوتی "ئێمە توڕەین لەو کردەوە توندوتیژیانەی کە زیانیان بە خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل گەیاندووە و ئیستاش لە غەززە شاهیدی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی و ئینکاری پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکین و ئەمەش تاوانی جەنگییە."

پادشای ئوردن گوتیشی "سیاسەتە توندوتیژەکانی سەرکردایەتی ئیسرائیل، لەبری ئەوەی پشت بە ئاشتی ببەستن، لەسەر بنەمای دابینکردنی پێداویستییە ئەمنییەکان دامەزراوە و ئەمەش چارەسەری دوو دەوڵەتی (پێکهێنانی فەلەستین شانبەشانی ئیسرائیل)ی کردووە بە مەحاڵ، بەڵام پەیامی ئێمە ئەوەیە کە ئارامی و ئاسایشمان هەم بۆ ئیسرائیل و هەمیش بۆ فەلەستین دەوێت."

گوتیشی "باجی بەدینەهێنانی ئاشتی لە نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان خوێنڕشتنی زیاترە."

شا عەبدوڵڵای دووەم کە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە زیاتر لە 70%ی دانیشتوانی فەلەستین پێکدێت و هاوسەرەکەشی بە هەمان شێوە بەڕەچەڵەک فەلەستینە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان لە غەززە "هێڵێکی سوورە و ئوردن ئەمجارە قەبووڵی ناکات."

مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئاشتی لە قاهیرە گوتی "ئێمە گەلی فەلەستین خاکی خۆمان بەجێناهێڵین، لە خاکی خۆماندا دەمێنینەوە و ئاوارەبوونێکی دیکە قبوڵ ناکەین و سەرەڕای ئاستەنگەکان دەمێنینەوە".

گوتیشی "هۆشداری دەدەین لە هێرشی داگیرکەران و توندڕەوەکان بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکانی قودس و ئەقسا."

مەحمود عەباس هەروەها گوتی "ئاسایش و ئاشتی بە چارەسەری دوو دەوڵەتی و ناساندنی قودس وەک پایتەختی فەلەستین بەدی دێت."

بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە کۆبونەوەی قاهیرە لەسەر ئاستی سەرکردە و سەرۆک وەزیران ئامادەن و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپایش شاندیان بۆ کۆبوونەوەکە ناردووە.

لیستی ئەو ئامادەبووانەی کە لە لوتکەی ئاشتی قاهیرە ئامادەن بریتین لە:

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین

شا عەبدوڵڵای ئوردن

شێخ محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات

شای بەحرەین حەمەد بن عیسا ئەلخەلیفە

شێخ تەمیم بن حەمەد السانی میری قەتەر

شازادەی جێنشینی کوێت شێخ میشال ئەحمەد ئەلسەباح

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا

محەممەد شیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا

پێدرۆ سانچێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا

کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان

سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدس

سیریل ڕامافۆسای سەرۆکی ئەفریقای باشوور

ئانالینا باربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا

کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا

یۆکۆ کامیکاوا وەزیری دەرەوەی ژاپۆن

جەیمز کلیڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا

ئیسپێن بارت ئیدە وەزیری دەرەوەی نەرویج

میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا

جای جان نێردەی چین بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

چارڵز میشێڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

ڕۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیلەوە نووسیویەتی ئیسرائیل هاوکاری ئەو لوتکەیە نەکردووە و بەشداری تێدا ناکات.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG