Accessibility links

ئەسەد و ڕەئیسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی ڕەوشی غەززە دەکەن


ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا، سانا، بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بارودۆخی غەززەیان تاوتوێ کردووە.

سانا دەڵێت هەردوو سەرۆک پشتیوانیی هەردوو وڵاتیان بۆ خەڵکی فەلەستین دەربڕی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سانا، ئەسەد و ڕەئیسی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان لە پشت گەلی فەلەستینەوەن، چونکە "تاوان بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت و فەلەستینییەکان مافی خۆیانە بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان وەربگرنەوە".

سانا لە زاری ئەسەدەوە ڕایگەیاندووە کە سیاسەتەکانی ئیسرائیل دەبێتە هۆی خوێنڕشتن لە ناوچەکە و داوای لە وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان کردووە کار بۆ بەرگری لە گەلی فەلەستین بەتایبەت لە غەززە بکەن.

کۆماری ئیسلامی ئێران پیرۆزبایی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد، بەڵام ڕەتیکردەوە تاران لە پشت هێرشەکەوە بێت.

ڕۆژی شەممە حەماس هێرشێکی تیرۆرستی چاوەڕوان نەکراوی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا سەدان کەس کوژران و دەیان کەسیشی بەبارمتە گرت کە بریتین لە هاووڵاتیانی ئەمەریکاش.

لە تۆڵەی ئەو هێرشە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و سەدان هاووڵاتی سڤیل کوژراون.

XS
SM
MD
LG