ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە میانی گەشتێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لە پشتیوانی واشنتن دڵنیاکردەوە.
گەشتەکەی بلینکن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەکاتێکدایە ئیسرائیل قورسترین هەڵمەتی هێرش و بۆردومانی لە مێژووی 75 ساڵەی ململانێکانی لەگەڵ فەلەستینییەکان ئەنجامدەدات، بەڵێنی داوە حەماس کە فەرمانڕەوایی کەرتی غەززە دەکات لەناوببات وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیلییەکان.
هەروەها بلینکن هەوڵ دەدات یارمەتی دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو بارمتانە بدات کە لەلایەن حەماسەوە ڕفێنراون، کە پێدەچێت هەندێکیان ئەمەریکایی بن، هەروەها پەرە بە دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و میسرییەکان دەدات سەبارەت بە دابینکردنی ڕێگەیەکی سەلامەت بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی تا بتوانن لە ناوچەکە دەربچن، پێش ئەگەری لەشکرکێشی زەمینی ئیسرائیل.
هەروەها ئامانجی گەشتەکەی بلینکن گەیاندنی پەیامێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئێران کە پاڵپشتی حەماس دەکات، دەست نەخاتە ناو ململانێکانەوە.
دوای کاتژمێرێک لە گەیشتنی بلینکن بۆ تەلئەڤیڤ، لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆبوویەوە و پێی ڕاگەیاند کە" ئێمە لێرەین، ناچینە هیچ شوێنێک."
دوای گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل، بلینکن بەرەو ئوردن دەڕوات و لەگەڵ شا عەبدوڵڵا و سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین مەحمود عەباس کۆدەبێتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن پێدەچێت بەردەوام بێت لە گەشتەکانی بۆ وڵاتانی دیکەی عەرەبی، بەبێ ئەوەی وڵاتەکان دیاری بکات.