Accessibility links

28 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن بە سازشکردن لەگەڵ ئێران تۆمەتبار دەکەن


ئەندامانی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دژایەتی خۆیان بۆ دیپلۆماسی بەرێوبەرایەتی بایدن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەگەیەنن.

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەڵێن دژی هەرجۆرە درێژەدانێکن بە دیپلۆماسیەتی "نهێنی" بەڕیوبەرایەتی بایدن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها ئەو 6 ملیار دۆلارەی کۆشکی سپی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بە ئێرانی داوە، بە باجدانی حکومەتی ئەمەریکا بە ئێرانی ناودێر دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشنتن فریبیکن، 28 نوێنەری کۆمارییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕێوبەرایەتی بایدنیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە دیپلۆماسیەتی خۆی لەگەڵ ئێران شاردوەتەوە و ڕەتیکردووەتەوە ڕاپۆرتێکی ڕوون و ئاشکرا پێشکەش بە کۆنگرێس بکات.

به گوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو ئەندامانە وێڕای داواکردنیان له بەڕێوبەرایەتی بایدن بۆ پێشکەشکردنی هه موو ئەو ڕێککەوتننامانەی لەگەڵ ئێران واژۆی کردووە بۆ کۆنگرێس، داواش دەکەن هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران ڕاگرێت و جەختیش لەوە دەکەنەوە که ئازادکردنی سەڕچاوه داراییەکان ڕێگه به کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات بەردەوام بێت له بەهێزترکردنی بەرنامه ناوکی و مووشەکەکانی و هەروەها پاڵپشتیە داراییەکانی بۆ تیرۆر.

دێڕێل ئایسا، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە "هەنگاوەکانی بەڕێوبەرایەتی بایدن بەرامبەر بە ئێران لەسەر بنەمای مەرجەکانی ئەمەریکا نەبووە، بەڵکو ئیمتیازاتی بەردەوام و سازشکردن و پێدانی ملیارها دۆلار وەک باج بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، مەلاکانی دەوڵەمەندتر کردووە و تارانیان لە گۆشەگیری دەرهێناوە و ڕژێمی پشتیوانی تیرۆری لە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک کردووەتەوە."

کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە "کۆنگرێس بەکارهێنانی کەمکردنەوەی سزاکان وەک میکانیزمێک بۆ پێدانی باج قبوڵ ناکات" و ڕایانگەیاندوە "کۆمارییەکان ئێستا بە وردی چاودێری پەیوەندییەکان و کارەکانی بەڕێوبەرایەتی بایدن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن" و دەڵێن "ئەگەر پێویست بکات بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتی بایدن دەهێننە کۆنگرێس بۆ دانیشتنی گشتی و لێکوڵینەوە سەبارەت بە کارەکانیان."

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی بایدن دەڵێن ئازادکردنی زیندانیانی ئەمەریکایی لە ئێران بەمانای کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و سازشکردن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بەو پارەیەی دراوە بە ئێران بەرامبەر بە ئازادکردنی زیندانییە ئەمەریکاییەکان ڕایگەیاندبوو ئەو پارەیەی ئێران دەگوازرێتەوە بۆ هەژمارە بانکییە سنووردارەکان و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاردەهێنرێن.

هەروەها مەتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند و گوتی "هیچ کەسێک لە ئەمەریکا یەک دۆلاری بە ئێران نەداوە و ئەو پارەیەش ئازاد کراوە،سەروەت و سامانی خوودی ئێران بووە."

XS
SM
MD
LG