بە هۆی دوو تەقینەوە لە دوو پارێزگای پاکستان لە کاتی ڕێوڕەسمی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، دەیان کەس دەکوژرێن و بە گوتەی پۆلیسی وڵاتەکە، ژمارەی قوربانییەکانیش تا دێت لە زیادبووندایە.
ئاژانسە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە لە کاتژمێرە یەکەمەکانی دوای تەقینەوەکان، لانیکه م 57 کەس گیانیان لەدەستداوه و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. لە هەندێک ڕاپۆرتدا هاتوە کە ژمارەی بریندارەکان زیاتر لە 130 کەسە و لانیکەم یەکێک لە کوژراوەکانیش پۆلیس بووە.
میدیاکانی پاکستان هۆکاری تەقینەوەکانیان لەو ویلایەتانەی نزیک سنووری ئەفغانستان، گەڕاندوەتەوە بۆ هێرشی خۆکوژەکان و ڕایانگەیاندوە تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوانانەدا نەگرتووەتە ئەستۆ.
بە گوتەی بەرپرسێکی تەندروستی قەزاکە بە ناوی عەبدولڕەشید لە یەکەم تەقینەوە لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای بەلوچستانی وڵاتەکە52 کەس گیانیان لەدەستدا.
مونیر ئەحمەد، بەرپرسی باڵای پۆلیسی پاکستان گوتی "هێرشبهرە خۆکۆژەکە خۆی لە نزیک ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە نزیک مزگەوتی مەدینە کە خەڵک تێیدا کۆدەبوونەوە، تەقاندوەتەوە."
تەقینەوەی دووەم لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای خەیبەر پەختونخوا بووە کە تێیدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە. بە پێی هەواڵە نێوخۆییەکان دوای تەقینەوەکە، سەقفی مزگەوتەکە داڕماوە و نزیکەی 30 بۆ 40 کەسیش لە ژێر داروپەردووی مزگەوتەکەدا گیریان خواردوە.
هەردوو پارێزگاکە هاوسنوورن لەگەڵ ئەفغانستان و لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی چەکدارە ئیسلامییەکان بوونەتەوە کە ئامانجیان ڕووخانی حکومەتی پاکستان و جێبەجێکردنی یاسا ئیسلامییەکانە بە شێوەیەکی توندڕەوانە.
تەقینەوەکەی بەلوچستانی پاکستان هێرشێکی دەگمەن بووە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، چوونکە پێشتر چەکدارە ئیسلامییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا تا ڕادەیەکی زۆر هێزە ئەمنییەکانیان دەکردە ئامانج، نەوەک خەڵکی مەدەنی.
هێرشە چەکدارییەکان لە ساڵی 2022ەوە، واتە لەوەتای تێکچوونی ئاگربەستی نێوان حکومەت و گرووپی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) زیادی کردووە.
گرووپی تەحریک کە بەرپرسە لە هەندێک لە خوێناویترین هێرشەکانی پاکستان، بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی ڕۆژی هەینی ڕەتکردوەتەوە.
لە مانگی حەوتی ڕابردوودا زیاتر لە 40 کەس لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە خەیبەر پەختونخوا لە کۆبوونەوەی پارتێکی سیاسی ئایینیدا کوژران.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز