وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت ژاپۆن دەستپێشخەرییەکی پێشنیار کردووە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزەکان، لەنێویاندا ئەمەریکا.
ئاژانسی هەواڵی فارس کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە کە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ 'کیۆدۆنیزو' ڕاگەیاندووە "هەر پلانێک لە ژاپۆنەوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندا بێت، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئەرێنی هەژمار دەکرێت و پێشوازی لێدەکرێت."
هەواڵەکە نووسیوێتی وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاری لەسەر پلانەکەی ژاپۆن بۆ زیندووکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکان نەخستوەتەڕوو، تەنها ڕایگەیاندووە کە لە سەردانەکەیدا بۆ تۆکیۆ لە مانگی هەشتدا و لە دیدارێکدا لەگەڵ فومیۆ کیشیدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن،ئەو پێشنیارەی پێشکەشکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی هەواڵی 'ئەمواجی میدیا' ڕۆژی سێشەممە، 26ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە کە بە پێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیاری دەستکەوتووەکە دانوستکارانی ناوکی ئێران مۆڵەتیان لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بچنە ناو دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەمواجی میدیا ئاماژە بەوەکراوە کە عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەمایە لەگەڵ برێت مەکگۆرک ڕێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا ، لە عومان لە هەفتەکانی داهاتوودا کۆببێتەوە.
لە کاردانەوە بە هەواڵەکان سەبارەرت بە ئەگەری دانوستانی ڕاستەوخۆی ئێران و ئەمەریکا، ڕۆژی سێ شەممە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەواڵەکانی سەبارەت بە هەر چەشنە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ ڕەتکردەوە.
تاران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە خوازیاری زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان کە چەند ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی دانۆڵد ترامپەوە ئەمەریکا لێی کشایەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە کۆتا ڕۆژی گەشتەکەیدا بۆ نیویۆرک کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەشتی ئەمەریکای کردبوو، لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان لە لایەن ئەوروپاییەکان و ئەمەریکاییەکانەوە دەتوانێت ڕێگا بۆ "ڕێککەوتنێکی باش" خۆش بکات.
هەروەها وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاندبوو کە پلانی عومان بۆ گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەسەر مێزە و ئەگەر لایەنەکانی دیکەش ئامادەبن، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ناو ئەو ڕێککەوتنە.
دانوستانە ناوکییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە بوژانەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە گەیشتوونەتە بنبەست، بەڵام لەم دواییانەدا هەردوو وڵات لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار پارەی سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور، گەیشتنە ڕێککەوتن و لەسەر بنەمای ئەوەش پێنج هاووڵاتی ئەمەریکا کە لە ئێران زیندانی کرابوون، ڕۆژی دووشەممە، 18ی مانگی نۆ لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی قەتەرەوە تارانیان بەجێهێشت.