Accessibility links

سیاسەتمەدارێکی هەنگاری ئاماژە بە ئەگەری دواخستنی داواکاری سوید بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ دەکات


سەرۆکی پەرلەمانی هەنگاریا شەوی یەکشەممە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی ناوخۆی وڵاتەکەوە ڕاگەیاند، هەنگاریا دڵنیا نییە لەوەی کە پێویست بکات داواکارییەکەی سوید بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ پەسەند بکات، ئەمەش ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ زیاتر دواکەوتنی پرۆسەکە.

ڕەزامەندی هەنگاریا لە مانگی حەوتی 2022ەوە لە پەرلەمان گیریخواردووە، بەهۆی نیگەرانییەکان لەمەڕ ڕەخنەی سیاسەتمەدارانی سوید لە پاشەکشەی دیموکراسی لە هەنگاریا.

لازلۆ کۆڤەر، سەرۆکی پەرلەمانی هەنگاریا، بە ئاماژەدان بە سوید بە (HirTV) گوت، دڵنیا نییە لەوەی کە پێویست بکات ئەم داواکارییە پەسەند بکەن”.

ئەم لێدوانانە دوای نامەیەک هات کە هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی هەنگاریا بۆ هاوتا سویدییەکەی ناردووە و تیایدا جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە بە "لایەنگری و نادادپەروەرانە" ناوبرد کە لەلایەن هەندێک لە سیاسەتمەدارانی سویدەوە دژی حکومەتی هەنگاریا کراون.

سوید ساڵی ڕابردوو لە بەرامبەر لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوای ئەندامبوونی لە ناتۆ کرد و زۆربەی ئەندامانی ناتۆش بە خێرایی داواکارییەکەی سویدییان پەسەند کرد.

بەڵام تا ئێستا تورکیا و هەنگاریا داواکەی سویدیان پەسەند نەکردووە و هەردوو وڵاتیش ڕایانگەیاندووە، لە نزیکەوە هەماهەنگی و هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پرسە دەکەن.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا جارێکی دیکە پەرلەمانی هەنگاریا کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا مشتومڕ و دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی سوید لە بەرنامەی کاردا دەبێت یان نا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG