دادگایەکی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە هەوڵەکانی داواکاری گشتی بۆ داخستنی گرووپێک بەناوی "ژن کوژی دەوەستێنین" ڕەتکردەوە لەسەر تۆمەتەکانی پێشێلکردنی یاسا ئیداری و ئەخلاقییەکان.
ئەم سەرکەوتنە دەگمەنەی دادگا بۆ گرووپێکی مافی مرۆڤی تورکیا لە کاتێکدایە کە ئەنکەرە بەڵێنی دابوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا ئاسایی بکاتەوە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی پێنجی ئەمساڵ کە تیایدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەسەڵاتی باڵادەستی خۆی بۆ دەیەی سێهەم درێژکردەوە.
دوای ئەوەی دادوەری سەرۆکایەتی دادگا، زیاتر لە ساڵێکە دانیشتنەکانی دۆسیەکەی ڕاگرتووە، ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی "تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین" لە دادگای سەرەکی ئەستەنبوڵ داواکارییەکانیان لە دژی دۆسیەکە بەرز کردەوە.
ئەو گروپە دوای بڕیارەکە لە سۆشیال میدیاوە ڕایانگەیاند "ناتوانن ڕێگریمان لێبکەن، بەڵام ئێمە ژن کوشتن ڕادەگرین".
نۆرسن ئیناڵ، نوێنەری کۆمەڵەی "ژن کوژی دەوەستێنین"، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "ئێمە زۆر دڵخۆشین".
پۆلیس پێش دانیشتنەکە دادگاکەیان گەمارۆدا و دوو لایەنگری هەڵمەتەکانی کۆمەڵەکەیان دەستگیرکرد.
لە دانیشتنەکاندا کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند، داواکاری گشتی داوای لە دادگا کرد ئەو گروپە دابخات بەهۆی ئەوەی "بە پێچەوانەی یاسا و ڕەوشت مامەڵەیان کردووە".
ئەو گرووپە ئەو تۆمەتانەیان بە سیاسی ناوبرد و ڕایانگەیاند، هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەوە نەدراوە کە کام یاسایان پێشێل کردووە.
گۆڕانی تۆن
کۆمەڵەی "ئێمە ژنکوژی دەوەستێنین" لە ساڵی 2010ەوە هەڵمەتی دژی کوشتن و ئازاردانی ژنانیان لەم وڵاتەدا دەستپێکردووە کە زۆرینەی موسڵمانە بەڵام بە فەرمی عەلمانییە.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2021دا دژی بڕیارەکەی ئەردۆغان هاتە دەنگ، کاتێک کشانەوەی تورکیای لە ڕێککەوتنێکی ئەوروپا راگەیاند کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو، ئەو پرسەش ڕەخنەی کۆنەپەرستانی ئیسلامی وڵاتەکەی لێکەوتەوە.
هەروەها ئەندامانی پارێزگاران پارتی دەسەڵاتداری ئەردۆغان ئەو گرووپەیان تۆمەتبار کرد بە تێکدانی بەها نەریتیە خێزانییەکان و لایەنگری کردنی مافەکانی کۆمەڵگەی LGBTQI.
ئەردۆغان خۆی کۆمەڵگەی LGBTQI بە "چەوت" ناوبرد و لە کاتی بانگەشەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە مانگی پێنجدا چەندین جار ڕەخنەی لە لایەنگرانی ئەو کۆمەڵگەیە گرت.
کۆمەڵەی "ژنکوژی دەوەستێنین" باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ڕابردوو 403 ژن لە تورکیا کوژراون و لە ساڵی 2021دا 423 ژن کوژراون.
دادگایی کردنی ئەم کۆمەڵەیە نیگەرانیی گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤی لێکەوتەوە و دوای زنجیرەیەک زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسان و نەیارانی ئەردۆغان کە زۆر مشتومڕاوی بوو.
بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکاران دوای دەنگدانی مانگی پێنج هەست بە گۆڕانی تۆن لە تورکیا دەکەن.
تورکیا ئەمساڵ پابەندبوونی خۆی بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە درێژخایەنەکان بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا دووپاتکردەوە.
هەروەها ئەردۆغان هەنگاو بە هەنگاو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمینیا و یۆنانی ڕکابەری مێژوویی ئاسایی دەکاتەوە.
کۆمیساری یەکێتی ئەوروپا لەم مانگەدا لە گەشتێکیدا بۆ ئەنکەرە ڕایگەیاند، پێویستە برۆکسل پێشکەوتنی کۆنکرێتی ببینێت سەبارەت بە پابەندبوونی تورکیا بە "دیموکراسی و سەروەری یاسا"وە.
بەڵام گفتوگۆی سەرەتایی لەسەر فراوانکردنی یەکێتی گومرگی دەستیپێکردووە کە هەردوولا بۆ یەکەمجار نزیکەی سێ دەیە لەمەوبەر واژۆیان لەسەر کرد.
سەرچاوە: فرانس پرێس