Accessibility links

ڕووسیا دوو فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە فڕۆکە شەرکەرەکانی سوخۆ دەداتە ئێران


ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران وێنەی دوو فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنانی "یاک 130"یان بڵاوکردوەتەوە کە ڕووسیا ڕادەستی هێزی ئاسمانی ئێرانی کردووە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، فڕۆکە جەنگییەکانی "یاک 130" کە لەلایەن کۆمپانیای یاکولۆڤی ڕووسیا دروستکراون، پێداویستییەکانی مەشق و ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانی ئێران بۆ فێربوونی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی سوخۆی 35 و سوخۆی 57 دابین دەکات.

پێشتریش لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا، میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی هەواڵگری ڕۆژئاواوە ڕایانگەیاندبوو کە ڕووسیا خۆی ئامادە دەکات بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی سوخۆی 35 بۆ ئێران لە ئایندەیەکی نزیکدا.

پاشان لە کۆتایی مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا، نێردەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، "کۆتایی هێنان"ی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی سوخۆی 35ی ڕووسی ڕاگەیاند.

میدیا ڕۆژئاواییەکان چەندین جار لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە باسیان لەوە کردبوو کە ڕووسیا دەیەوێت فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ لە بەرامبەر وەرگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لە ئێرانەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.

حکوومەتی ئەمریکا چەندین جار هۆشداریداوە لەبارەی "هاوکاریی سەربازی بەرفراوان"ی نێوان تاران و مۆسکۆ و بە زیانێکی گەورە بۆ ئۆکرانیا و وڵاتانی دراوسێی ئێران و جیهانی دەزانێت.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG