ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ دەڵێت کاربەدەستانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایانگەیاندووە ئێران خێرایی پیتاندنی یۆرانیۆمی دابەزاندووە.
به پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسه هەواڵییه، سنوردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم له لایەن ئێرانەوه، دەرنجامی ڕێککەوتنی ناڕاستەوخۆی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتەکانی ئەمەریکا و ئێرانه .
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە لەم دواییانەدا خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وەرزیی خۆیانن سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران، ئەو داتایانە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئاماژەن بۆ خاوبوونەوە و سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە.
کۆبوونەوەی وەرزیی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی 11ی ئەم مانگە لە ڤییەنا لە بارەگای سەرەکی ئاژانسەکە دەستپێدەکات.
بلومبێرگ لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاییەوە بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، نووسیویەتی واشنتن ماوەیەکە بە کردەوە سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێرانی کەمکردووەتەوە و تاران توانیویەتی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ ئاستی پێنج ساڵ لەمەوبەر بەرز بکاتەوە، واتە بۆ پێش کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزەکان.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لەم ماوەیەی دواییدا و لە ئەنجامی سیاسەتی نوێی بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن، ئێران توانیوێتی زۆرترین بڕی نەوتی خاو هەناردەی چین بکات.
بلومبێرگ دەنوسێت؛ تاران لەم دواییانەدا لە درێژەی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمەریکا، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ زلهێزەکانی دیکە.
دوابەدوای ڕێککەوتنی مانگی ڕابردووی تاران و واشنتن بە نێوەندگیری عومان و قەتەر بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی پارەی سڕکراوی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشور، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە میدیاکانی ڕۆژئاوایان ڕاگەیاند ڕێککەوتنەکە بەشێکە لە "تێگەیشتنێکی فراوانتر" کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران سنووردار دەکات و هەروەها پابەندبوونێکی نەنوسراوی ئێران لە خۆ دەگرێت بۆ هێرش نەکردنە سەر سوپای ئەمەریکا لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە لە سوریا و لە عێراقیشدا.
دوابەدوای ئەو هەواڵە، ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەدا، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی خاو دەکاتەوە.
جان کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕایگەیاند ئەگەر تاران ئەم کارەی کردبێت، "هەواڵێکی زۆرباشە"، بەڵام بە فەرمی شتێکی لەو شێوەیەی نە پشتڕاست کردەوە نە و ڕەتیشیکردەوە.
هەرسەبارەت بەم بابەتە، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، 31ی مانگی هەشت ڕایگەیاند
و گوتی "هەموو بەڵێنەکانمان تەنها ئەو کاتە جێبەجێ دەکەین کە سزاکان بە تەواوی هەڵبگیرێن."
ئیسلامی دەشڵێت "لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان و دۆسیەی گەردیلەکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی بەرزیش داخراوە".
سەرچاوە/بلومبێرگ