سەرۆک وەزیرانی لیبیا وەزیری دەرەوەی لیبیا نەجلا مەنگوشی لە کارەکەی دوورخستەوە و ڕەوانەی لێکۆڵینەوەی کرد دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ئیسرائیل ڕایگەیاند ئیلی کۆهین وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو چاوی پێی کەوتووە، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پەیوەندی فەرمییان نییە.
بەیاننامەکەی ئیسرائیل سەبارەت بە کۆبوونەوەکە کە تیایدا ڕایگەیاند وەزیرەکان باسیان لە ئەگەری هاوکارییەکان کردووە، بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی بچوک لە لیبیا کە دان بە ئیسرائیلدا نانێت.
وەزارەتی دەرەوەی لیبیا ڕایگەیاند، مەنگوش کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل ڕەتکردووەتەوە و ئەوەی ڕوویداوە "ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێ ئامادەکاری و ئاسایی بووە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا".
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی لیبیادا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کارلێککردنە "هیچ گفتوگۆیەک، ڕێککەوتنێک یان ڕاوێژکارییەک"ی تێدا نەبووە و ئاماژەی بەوەشکردووە وەزارەتەکە "ڕەتکردنەوەی تەواو و ڕەهای خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نوێدەکاتەوە".
لە ساڵی 2020 ەوە ئیسرائیل هەنگاوی ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، بەحرەین، مەغریب و سودان لە ڕێگەی بەناو "ڕێککەوتنەکانی ئەبراهەم" بە نێوەندگیری ئەمەریکا.
ئیلی کۆهێنی ئیسرائیلی لە بەیاننامەیەکدا وتی "لەگەڵ وەزیری دەرەوە گفتوگۆم کرد سەبارەت بە توانا گەورەکانی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان."
کۆهین ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ مەنگوش قسەی کردووە سەبارەت بە گرنگی پاراستنی میراتی جووەکان لە لیبیا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز