Accessibility links

لیژنەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان داوای ئازادکردنی ئیسلام کەشانی دەکات


لیژنەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ) داوای ئازاکردنی دەستبەجێی ڕۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی دەکات و داوا دەکات دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هۆکاری دەستگیرکردنی و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی ڕابگەیەنن.

لیژنەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی هەینی،25ی مانگی هەشت ڕایگەیاند و گوتی "پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەستبەجێ و بەبێ مەرج ڕۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازاد بکەن و هۆکاری دەستگیرکردنی و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی ئاشکرا بکەن و ڕێگە بدەن ڕۆژنامەنوسان بە ئازادی کارەکەیان بکەن."

ڕۆژی پێنجشەممە، 24ی ئەم مانگە هێزەکانی ئاسایشی زاخۆ، ئیسلام سەعدی ناسراو بە ئیسلام کەشانی، بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی سپێدەی بە بێ پێشکەشکردنی فەرمانی گرتن دەستگیر کرد و دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی.

ئەحمەد کەشانی، برای ڕۆژنامەنووسەکە بە سی پی جەی ڕاگەیاندووە نزیکەی چوار کاتژمێر دوای دەستگیرکردنی براکەی، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج ئەندامی ئاسایشی تێدابوو، بەبێ ئەوەی فەرمانی دادگا پێشکەش بکەن، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسلام و گەڕانێکی وردیان لە ماڵەکەی ئەنجامداوە."

ڕاپۆرتەکەی ئەو لیژنەیە باس لەوە دەکات ڕۆژێک پێش دەستگیرکردنی، کەشانی لە میانەی بەرنامەیەکدا ڕەخنەی لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە.

شەریف مەنسور ڕێکخەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکای کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسانCPJ گوتی " دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەبێت دەستبەجێ ڕۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازاد بکەن و دڵنیابن لەوەی کە ڕۆژنامەوانان لەبەر کارەکانیان دەستگیر ناکرێن و ڕێگەیان پێبدرێت بە ئازادی ڕووماڵی پرسەکان بکەن."

ئاسایشی زاخۆ لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئیسلام کەشانییەوە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 25ی ئەم مانگە ڕایگەیاند "دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتبوو سەبارەت بە پەیوەندی ناوبراو لەگەڵ چەکدارانی پەکەکەدا، ئیسلام سەعدی دەستگیرکراوە."

سی پی جەی دەڵێت چەندین جار پەیوەندییان بە شڤان سیندی، سەرۆکی ئاسایشی زاخۆوە کردووە بۆ لێدوان سەبارەت بەم پرسە، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەبووە. هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئیمەیڵیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە بەڵام تاکو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.

XS
SM
MD
LG