Accessibility links

پەنتاگۆن دەڵێت ناتوانن بانگەشەکانی پیۆنگ یانگ سەبارەت بە سەربازە ئەمەریکاییەکە پشتڕاست بکەنەوە


کەناڵ و ئاژانسەکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر ئیدیعاکانی کۆریای باکوور بڵاوکردووەتەوە، فۆکس نیوز ڕایگەیاند کە پنتاگۆن دەڵێت ناتوانن قسەکانی کۆریای باکوور پشتڕاست بکەنەوە کە گوایە سەربازێکی ئەمەریکایی بە ناوی تراڤیس تی کینگ بە ئارەزووی خۆی چووەتە ناو کۆریای باکوورەوە بەهۆی "جیاکاری ڕەگەزی" سوپای ئەمەریکای جێهێشتووە.

پیۆنگ یانگ بۆ یەکەم جار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، تراڤیس کینگ، سەربازە ئەمەریکاییەکە بەهۆی " ڕەگەزپەرستی" لە ناو سوپادا هەڵاتووە و سنوور وڵاتەکەیانی بەزاندووە.

میدیاکانی کۆریای باکوور بڵاویانکردەوە، بە گوێرەی پیۆنگ یانگ، سەربازێکی ئەمەریکایی بە ناوی تراڤیس کینگ بەهۆی هەڵوێستی نامرۆڤانە و ڕەگەزپەرستانەی ناو سوپاوە، ویستویەتی بچێتە وڵاتەکەیان یان شوێنێکی دیکە.

بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند پنتاگۆن هیچ پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تراڤیس تی کینگ نەبووە و ئاگاداری بارودۆخەکەی نییە.

کینگ لە 18ی مانگی حەوتدا لە سنووری کۆریای باشوور چووەتە ناو کۆریای باکوورەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور KCNA بڵاویکردەوە، کینگ دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی مامەڵەی نامرۆڤانە و ڕەگەزپەرستی لە سوپای ئەمەریکادا بڕیاری هەڵاتنی بۆ کۆریای باکوور داوە.

کەناڵەکە بڵاویشی کردەوە، کە گوایە کینگ گوتویەتی یەکسانی لە ئەمەریکادا نییە و هەر بۆیە دەیەوێت بچێتە کۆریای باکوور یان وڵاتێکی دیکە.

مامی کینگ، مایرۆن گەیتس، لەم دواییانەدا بە کەناڵی ABC News ی ڕاگەیاند، برازاکەی لە بواری سەربازیدا ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی بووەتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن، کۆریای باکوور وەڵامی داواکارییەکانی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی کینگ نەداوەتەوە.

شایانی باسە، ماوەیەکی زۆرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور لە خراپترین ئاستدایە، کۆریای باکوور داواکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێ خستووە سەبارەت بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG