پۆلیس و بەرپرسانی کۆمەڵگەکان دەڵێن ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی موسوڵمان ڕۆژی چوارشەممە هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەیەکی کرستیان لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان و دەیان ماڵیان ئاگر تێبەردا و ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیەیان بە سوکایەتی کردن بە قورئان تۆمەتبار کرد.
نەوەید ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی فەیسەل ئاباد ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە ناوچەی جارانوالا، سەر بە شاری پیشەسازی فەیسەل ئاباد ڕوویداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی دوو کرستیان بە کوفرکردن تۆمەتبارکرابوون، جەماوەرێکی توندوتیژ هێرشیان کردبووە سەر کۆمەڵگەکەیان.
پۆلیس هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدا بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن پێدەچێت دۆخەکە خراپتر بێت. ژمارەی خەڵکەکە زیادی کرد و دەیان کەس شاڕێیەکی نزیکی کۆمەڵگەکەیان لە داخستووە.
سەرکردەیەکی کرستیان بەناوی ئەکمەل بەتی ڕایگەیاند، جەماوەرەکە لانیکەم پێنج کڵێسایان سووتاندووە و کەلوپەلی بەنرخیان لەو ماڵانە تاڵان کردووە کە خاوەنەکانیان هەڵاتوون، دوای ئەوەی پیاوانی ئایینی لە مزگەوتەکاندا وەک دەڵێت ئاگری ئاژەوەکەیان خۆشکردووە و هانیان داوە.
بەڵام ئەحمەد وتەبێژی پۆلیس هیچ وردەکارییەکی لەبارەی توندوتیژییەکانەوە نەخستەڕوو و پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە ئایا هیچ کڵێسایەک سووتاوە یان نا.
بەڵام لە چەندین پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوتووە کە هەندێک کڵێسا و خانو و کەلوپەل گڕیان گرتووە.
لە پاکستاندا کوفرکردن سزای مەرگی لەسەرە و هەرچەندە تا ئێستا کەس لەسەر ئەوە لەسێدارە نەدراوە، بەڵام ژمارەیەک لە کەسانی تۆمەتبار لەلایەن جەماوەرێکی توڕەوە کوژراون.
گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن تۆمەتەکانی کوفر بە شێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنرێن. دەڵێن سەدان کەس دوای ئەوەی تۆمەتبارکراون بەو کارە، لە مەینەتی و ترسدا دەژین لە زیندانەکاندا، بەهۆی ئەوەی زۆرجار دادوەرەکان دادگاییکردنەکان دوادەخەن، لە ترسی تۆڵەسەندنەوە ئەگەر وەک دەڵێن دەربکەوێت نەرمی دەنوێنن بەرامبەریان.
سەرچاوە: رۆیتەرز