Accessibility links

دادگایەکی عێراق سزایەکی لەسێدارەدان لەسەر کوشتنی کەسایەتی ئەکادیمی هیشام ئەلهاشمی هەڵدەوەشێنێتەوە


Iraq
Iraq

دادگایەکی عێراقی حوکمی لەسێدارەدانی لەسەر کوشتنی کەسایەتی ئەکادیمی ناسراو هیشام ئەلهاشمی لە ساڵی 2020دا هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی ناردەوە بۆ لێکۆڵەران.

ئەحمەد حەمداوی عوید لە مانگی پێنجی ڕابردوودا لەلایەن دادگای تاوانەکانی بەغداوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی بە تۆمەتی کوشتنی هاشمی تاوانبارکرا.

هاشمی کە پسپۆڕێکی ناسراوی نێودەوڵەتی بوو لە بواری توندڕەوی ئاینیی موسوڵمانی سوننەدا و هەروەهاش ڕاوێژکارێکی ئاسایشی حکومەتی عێراق بوو، ڕۆژی 6ی حەوتی 2020 لەلایەن ماتۆرسوارەکانەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا و کوژرا.

دادگاکە ڕایگەیاند "هەموو ئەو بڕیارانەی دادگای ناوەندی دەیدات هەڵدەوەشێنەوە و دۆسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ دادگای کارامە کە بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوە".

بڕیارەکە لە 31ی حەوت دەرچووە و لەم هەفتەیەدا لە ماڵپەڕی دادگا بڵاوکراوەتەوە.

دادگاکە لە ڕوونکردنەوەی بڕیارەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئەو لیژنەیەی بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوە لە کوشتنەکە "هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی"یان نییە بۆ ئەو کارە.

"لیژنەی 29" کە ئێستا هەڵوەشاوەتەوە، لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەندین بابەتی دیکە دامەزرابوو.

لە ساڵی 2021دا کازمی دەستگیرکردەکەی ڕاگەیاند و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی "دانپێدانانەکانی" ئەحمەد حەمدانی عوید، پۆلیسێکی تەمەن 37 ساڵی بڵاو کردەوە.

کوشتنی هاشمی توڕەیی لە سەرانسەری عێراقی لێکەوتەوە و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانەوە شەرمەزار کرا.

هاشمی پاڵپشتی لەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییانە دەکرد کە ساڵێک پێش مردنی لە عێراق لە دژی دامەزراوەی دەسەڵاتدار سەریهەڵدابوو، کە لەلایەن زۆر کەسەوە وەک ناکارامە و گەندەڵ و زۆر نزیک لە ئێران سەیر دەکرا.

بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی لە مانگی 10 ی ساڵی 2019 سەریانهەڵدا، زیاتر لە 600 کەس کوژران و هەزاران کەسی تریش بریندار بوون.

لە دوای ناڕەزایەتییەکان، زنخیرەیەک کوشتن و هەوڵی کوشتن و ڕفاندنی دەیان چالاکوانی عێراقی ڕوویدا.

XS
SM
MD
LG