Accessibility links

وەزارەتێکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان دەڵێت لە هەڵمەتێکی هێزەکانی ئیسرائیلدا، فەلەستینییەک لە کەناری ڕۆژئاوا دەکوژرێت 


وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێت، ڕۆژی چوارشەممە سەربازە ئیسرائیلییەکان فەلەستینییەکیان لە کەناری ڕۆژئاوا کوشتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل دەڵێت "چالاکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" لە کەمپی پەنابەرانی نابلوس بەڕێوەدەبات.

وەزارەتەکە دەڵێت " نیوەڕۆ کاتێک هێزەکانی داگیرکەر هێرشیان کردە سەر شاری نابلوس، گەنجێک بریندار بوو و بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا". هەروها دەشڵێت " شەهید محمەد عبدولحەکیم نەدا گولەیەک بەر سنگی کەوتبوو."

سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە کە سەربازەکان "چالاکی دژە تیرۆر لە کەمپی ئەلعەین" لە نابلوس ئەنجام دەدەن بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.

گروپێکی چەکداری فەلەستینی بە ناوی شەهیدانی ئەلئەقسا، ڕایگەیاندووە، چەکدارەکانیان "بۆسەیەکیان بۆ یەکەیەکی هێزی تایبەت لە گەڕەکەکانی کەمپی ئەلعەین داناوە و توانیویانە زیانی گیانی بە سەربازە ئیسرائیلییەکان بگەیەنن."

ئەو گرووپە کە پەیوەندی بە بزووتنەوەی فەتحی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکانەوە هەیە، لە بەیاننامەکەیدا کە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە نەکردووە ئایا ئەو پیاوەی کە لە ئەنجامی برینەکانی گیانی لەدەستداوە ئەندامی گرووپەکەیان بووە یان نا.

ڕۆژی سێشەممەش هێزەکانی ئیسرائیل لە شەڕە تەقەیەکدا سێ فەلەستینیان لە نابلوس کوشت. گروپی حەماسی فەلەستینی، کە کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی لەدەستە، ڕایگەیاند کوژراوەکان ئەندامی باڵە چەکدارییەکەی بوون.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG