Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕادەگەیەنێت کراوەیە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، بەڵام قبوڵ ناکات کە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا وەک مەرجێک دابنرێت.

ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆ گەشتەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو لە ئیستەنبوڵ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند، تورکیا هەرگیز دەرگای دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریادا دانەخستووە.

"ئێمە لەوێ دژی تیرۆر دەجەنگین. چۆن دەتوانین لە سوریا بکشێینەوە لە کاتێکدا وڵاتەکەمان لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆریستانی ئەودیوی سنوورەکەماندایە؟ ئێمە چاوەڕوانی چارەسەرییەک دەکەین. "

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە، تورکیا گەورەترین پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بووە کە دژی حکومەتی ئەسەد شەڕ دەکەن و ناوچەیەکی فراوانیان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کۆنترۆڵ کردووە.

ئانکەرە بە دەیان بنکەی سەربازی لە سوریا دروستکردووە و هەزاران سەربازی خۆی لەو وڵاتەدا جێگیر کردووە بۆ ڕێگریکردن لە کورد و پاراستنی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.

ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە بە بەشداری سوریا و ڕووسیا و ئێران دەتوانن دیدارێکی چوار قۆڵی ئەنجام بدەن.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتیدا ئامادەیە لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە. ئەسەد هەروەها لە مانگی سێدا ڕایگەیاندبوو کە مەرجی دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغان ئەوەیە کە تورکیا کۆتایی بە داگیرکارییە نایاساییەکەی بهێنێت.

XS
SM
MD
LG