لەشکری ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر باشووری لوبنان پاش ئەو هێرشە خومپارەییانەی لە هەندێک ناوچەی باشووری لوبنانەوە کراونەتە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل.
ئەم دواترین هێرشانە دوابەدوای 3 مانگە لەو بەدترین شەڕە تەقەیەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕوویداوە.
ئەم کردە لەشکریانەش هاوکاتن لەگەڵ هەروادێ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و وڵاتانی عەرەب بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی جوو گەورەترین کردەی لەشکریی خۆی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کردووەتە سەر کەناری ڕۆژئاوا.
لەو کردە لەشکریانەیدا، ئیسرائیل ئۆردوگای پەنابەرانی جەنینی کردووەتە ئامانج کە بە یەکێک لە مۆڵگا بەهێزەکانی میلیشیا فەلەستینییەکان دادەنرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی لەشکری ئیسرائیلدا هاتووە "هێرشە خومپارەییەکان لەناو خاکی لوبنانەوە کراونەتە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل."
بەپێی لێدوانی وتەبێژێکی لەشکری ئیسرائیل، خومپارەکان لە شارۆچکەی غەجەریان داوە و لە بەرامبەریشدا لەشکری وڵاتەکە هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی هێرشە خومپارەییەکانی لێوە کراون.
ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی نیشتمانی لوبنان دەڵێت "ئیسرائیلییەکان 15 گولە تۆپیان ناوە بە ناوچەکانی کەفر شوبا و حەڵتاوە."