Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت لە یەک مانگدا هەموو ئارایشتگاکانی ژنان لە ئەفغانستان دابخرێن 


دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان فەرمانی دا بە سەدان ئارایشتگەی جوانکاری کە ژنان لەو وڵاتەدا بەڕێوەی دەبەن، دەبێت لە ماوەی مانگێکدا دابخرێن. ئەمەش دوایین بڕیارە لە زنجیرەیەک ڕێگریکردنی ئەو ڕژێمە لە دژی بەشداری ژنان لە کار و شوێنە گشتییەکان.

وەزارەتی تاڵیبان بۆ "ڕێگریکردن لە خراپە و بڵاوکردنەوەی چاکە" ڕۆژی سێشەممە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بەرپرسانی لە کابولی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ قەدەغەکردنەکە جێبەجێبکەن و مۆڵەتی سەرجەم ساڵۆنەکان هەڵبوەشێننەوە.

محەممەد سدیق عاکیف، وتەبێژی وەزارەتەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە فەرمانێکە لەلایەن سەرۆکی باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادەوە دەرچووە بەڵام زانیاری زیاتری بڵاونەکردەوە.

لە کورتە نامەیەکدا محەممەد سدیق عاکیف بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندووە، "دوا وادە بۆ داخستنی ئارایشتگای خانمان یەک مانگە."

وەزارەتەکە هۆشداریداوە لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.

لە دوای وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە ئەفغانستان نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، تاڵیبان چەنین بڕیاری لە بەرامبەر ژنان دەرکردووە. بۆ نمونە، لە دوای پۆلی شەشەمەوە خوێندنی کچان لە ئەفغانستان قەدەغە کراوە. هەروەها تالیبان فەرمانی بە زۆرێک لە ژنانی فەرمانبەری حکومی کردووە واز لە کارەکانیان بهێنن و لە هەمانکاتدا ڕێگری لە نەتەوە یەکگرتووەکان و گروپە فریاگوزاریەکانی دیکە کردووە کە ژنان دامەزرێنن.

شوێنە گشتیەکانی وەک پارک و هۆڵەکانی وەرزش و گەرماوەکانی دەرەوە بەڕووی سەردانیکەرانی مێینەدا داخراون.

ئەو ژنانەی کە لە ئارایشتگاکانی جوانکاریدا کاردەکەن ڕایانگەیاندووە قەدەغەکردنەکە دەبێتە هۆی بێکارکردنی هەزاران ژن لە کاتێکدا ئەفغانستان بە قەیرانێکی ئابووری سەختدا تێپەڕدەبێت. ئەو ژنانە دەڵێن بڕیارەکە مەترسی لەسەر مانەوەی خێزانەکانیان دروستدەکات، چونکە هیچ هەلێکی کار بۆ ئەندامە نێرەکانی خێزانەکانیان نییە..

ڕەیحان موباریز، خانمە کە مێکاپی ژنان دەکات، لەکاتی قسەکردن لەگەڵ کەناڵی هەواڵی تۆلۆی ئەفغانستان، وتی، "کاتێک پیاوان بەهۆی بێکارییەوە ناتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن، ژنان ناچار دەبن لە ئارایشتگای جوانکاریدا کار بکەن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن." ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر ئارایشتگاکان دابخەن ئێمە چی بکەین؟"

ژنێکی دیکەی کە لە ئارایشتگایەکی جوانکاری کابول کاردەک و نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، وتی، "ئەگەر پیاوەکانمان توانای دۆزینەوەی کاریان هەبوایە، پێویست نەبوو ئێمە لە ماڵەکانمان دەربچین. ئایا دەیانەوێت ئێمە لە برساندا بمرین؟"

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە تاڵیبان کردووە فەرمانی داخستنی ئارایشتگاکان ڕابگرێت.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کابول لە تویتەر ڕایگەیاندووە، "ئەم سنووردارکردنە نوێیە لەسەر مافەکانی ژنان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری دەبێت و پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی تاڵیبانە کە تێیاندا بەڵێنی پشتگیری داوە بۆ کاری ژنان".

نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی داوایان لە تاڵیبان کردووە کۆتایی بهێنێت بە سنووردارکردنی ژنان کایە گشتیەکان و مافی خوێندندا لە ئەفغانستانیان کردووە. وە هۆشدارییانداوە لەوەی سیاسەتەکانی تاڵیبان وایانکردووە شەرعیەتدانی جیهانی بە حکومەتی تاڵیبان "نزیکەی مەحاڵ" بێت.

بەڵام بەرپرسانی تاڵیبان ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە بچنە ژێرباری داواکاریە نێودەوڵەتیەکان و هەمیشە دەڵێن ڕێوشوێنەکانیان بەرامبەر بە ژنان لە چوارچێوەی کلتوری ئەفغانستان و شەریعەتی ئیسلامن.

ڕاپۆرتی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ئەیاز گوڵ لە ئیسلام ئاباد

XS
SM
MD
LG