کەنەدا، سوید، ئۆکرانیا و بەریتانیا داوایان لە دادگای نێودەوڵەتیی بۆ دادپەروەری کردووە، دۆسێیەکی لە دژی ئێران بکاتەوە بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی لە ساڵی 2020 کە بووە هۆی کوژرانی هەر 176 کەسی ناو فڕۆکەکە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە 8ی مانگی یەکی 2020 فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئۆکرانیای، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی لە فڕۆکەخانەی تارانەوە، خستە خوارەوە و بەرپرسانی ئێران لەو کاتەدا گوتیان "هەڵەیەکی کارەساتبار" بووە.
ئەو چوار وڵاتە لە داواکارییەکەیاندا بۆ دادگای جیهانی ناسراو بە ICJ کە، ڕایانگەیاندووە، ئێران زنجیرەیەک بەندی جاڕنامەی مۆنتریاڵی پێشێل کردووە، کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی سەلامەتی گەشتە ئاسمانییە سڤیلییەکانە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئێران نەیتوانیوە هەموو ڕێوشوێنێکی کردەیی بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی جۆری PS752 بگرێتەبەر و نەیتوانیوە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیەکی تاوانکاریی بێلایەن و شەفاف و دادپەروەرانە ئەنجام بدات.
زۆربەی ئەو کەسانەی لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هاووڵاتی ئەو چوار وڵاتە بوون، ئەمەش گروپێکی هەماهەنگی دروستکرد بە ئامانجی لێپرسینەوە لە ئێران.
ئێران دەڵێت هێزەکانی بە هەڵە فڕۆکەی جۆری بۆینگ 737یان خستە خوارەوە لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن زۆر بوو، ڕاپۆرتێکی کۆتاییش کە لە ساڵی 2021دا بڵاوکرایەوە، هۆکارەکە بۆ بە هەڵەدانانی ڕادارێکی و هەڵەیەکی تەکنیکی بەرگری ئاسمانی دەگەڕێنێتەوە.
کەنەدا لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە ڕاپۆرتەکە "هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەکان سەبارەت بەوەی کە بەڕاستی چی ڕوویداوە". ئۆکرانیا بە هەوڵێکی گاڵتەجاری دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ناوی برد، کە بە وتەی خۆی گومانی ئەوەی هەیە بە مەبەست بووە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز