Accessibility links

ئەو کاتژمێرە دێرینەی ساڵانە ملیۆنان گەشتیار بینەرێتی


کاتژمێرە مێژووییەکەی براگی پایتەختی چیک کە بە Prague Orloj ناسراوە، ساڵانە ملیۆنان گەشتیار دەچن بۆ بینینی و چاوەڕێ دەکەن هەتا سەری کاتژمێرێک بێت تاوەکو چێژ لە زەنگ و نمایشەکەی وەربگرن.

ئەم کاتژمێرە وەک باسی دەکەن، زیاتر لە 600 ساڵە دروستکراوە، سێیەم کۆنترین کاتژمێری فەلەکییە لە جیهاندا و یەکەم کاتژمێری فەلەکیشە کە هێشتا کاردەکات. لە ماوەی ئەو سەدان ساڵە چەندین چیرۆک و ئەفسانەی لەسەر کراوە. یەک لە ئەفسانەکان دەڵێت ئەو کەسەی دروستیکردبوو، هەردوو چاویان کوێرکردووە هەتا نەتوانێت کاتژمێرێکی دیکەی لەو جۆرە بۆ هیچ شارێکی دیکە دروستبکات.

کێ دروستیکرد؟
بەپێی مێژووناسان و خەڵکی ئەو وڵاتە، ئەم کاتژمێرە کە بە دیوارێکی هۆڵی دێرینی شارەکەوەیە، لە سەرەتاکانی سەدەی 14 دروستکراوە بە دەستی کەسێکی شارەزا لە دروستکردنی کاتژمێر بە ناوی میکولاش س کادانێ Mikuláš z Kadaně ، بە هاوکاری پرۆفیسۆرێکی ماتماتیک و زانستی فەلەک بە ناوی یان شیندێڵ Jan Šindel . کاتژمێرەکە لە ساڵی 1410 خراوەتە کار.

بەڵام لە ماوەی ئەو 600 ساڵە چەندین جار نۆژەنکراوەتەوە و نەخش و نیگاری زیاتری بۆ کراوە و تەنانەت لە دوا مانگەکانی شەڕی جیهانی دووەم و لە 8 ی پێنجی 1945 بۆمبێکی نازییەکانی بەرکەوتبوو و ئاگر بەربووەتە دارەکانی و کاتژمێرەکە لە کارکەوتووە هەتا لە 1 ی حەوتی 1948 چاککراوەتەوە و جارێکی دیکە کەوتووەتە کار. بۆیە دەتوانین بڵێن ئەو کەسانەشی لە ماوەی سەدان ساڵی ڕابردوو نەخش و نیگار و پەیکەری نوێیان بۆ داناوە و بەشدارییان کردووە لە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی، ئەوانیش لە دروستکردنی بەشدارن.


شێوەی کاتژمێرەکە
کاتژمێرەکە بە یەکێک لە جوانترین کاتژمێرەکانی ئەوروپا دادەنرێت. ئەگەر لێی بڕوانین، دەبینین تەنیا بازنەی سەرەکی کاتژمێرەکە جێی سەرنج نییە، بەڵکو ئەو نەخش و نیگار و پەیکەرانەی لە سەر و خواریشی هەن جێی تێڕامانن.

بەشی سەرەوە
کەڵەشێرێکی ئاڵتونی لە ناوەڕاستدا هەیە، هێمای ئازایەتی و وریابوونە. دوو پەنجەرە لە ژێر شوێنی کەڵەشێرەکە هەن. لە کاتی لێدانی زەنگی سەری کاتژمێرەکان، لە هەر یەکەیان 6 پەیکەر بە شێوەی شاگردەکانی مەسیح بە ڕیز دەردەکەون. لە خوار دوو پەنجەرەکە و لە ناوەڕاستدا، پەیکەرێکی فریشتە میکائیل دانراوە کە لەلای کرستیانەکان پێگەیەکی تایبەتی هەیە.

بەشی سەرەکی کاتژمێرەکە
لە ناوەڕاستی بازنەی کاتژمێرەکە وێنەیەکی گۆی زەوی کراوە و لەگەڵیدا چەند بازنەیەک بە ڕەنگەکانی شین و سوور و ڕەش کراون. بە جوڵە میلەکان و شوێنی هێماکانی دەست و خۆر و مانگ، دەتوانرێت چەند جۆرە کاتێک بزانرێت، لەوانە کاتژمێر لە ناوەڕاستی ئەوروپا، کاتژمێر بە شێوازی دێرینی چیکیەکان کە سەرەتای ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژئاوابووندا دەستپێدەکات و 24 کاتژمێرە، واتە کاتێک ڕۆژ ئاوا دەبێت کاتژمێر 1 دەستپێدەکات. کات بە شێوازی بابلی کە ڕۆژێک 12 کاتژمێرە و لە ڕۆژهەڵاتنەوە دەستپێدەکات هەتا ڕۆژ ئاوادەبێت، واتە کاتێک ڕۆژ هەڵدێت کاتژمێر یەکە و کاتێکیش ئاوادەبێت کاتژمێر دوازدەیە.


بووکەڵەکانی ئەملاولای کاتژمێرەکە
وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد لەگەڵ هەموو سەردەمێک کۆمەڵێک شتی نوێ بۆ کاتژمێرەکە زیادکراون، بەڵام ئەوەی لە هەمووی زیاتر سەرنجڕاکێشە، ئەو چوار بووکەڵە دارەیە کە لە هەردوولای کاتژمێرەکە هەن و بە شێواز و جوڵەیان گوزارشت لە چوار شت دەکەن.

ئەگەر لێیان بڕوانیت لە ڕاستەوە بەرەو چەپ، یەکەمیان کەسایەتییەکی تورکی سەردەمی عوسمانییە ئامێرێکی هاوشێوەی سازی پێیە، گوزارشت لە کەیف و سەفا و ڕابواردن دەکات، دوومیان ئێسکەپەیکەرێکە کە بە دەستی ڕاستی پەتی زەنگی کاتژمێرەکەی لەدەستدایە وەک هێمایەک بۆ ساتی هاتنی کاتی مەرگ، وە بە دەستی چەپی کاتژمێرێکی لمی پێیە بۆ گوزارشت لە ژماردنی ڕۆژانی تەمەن، سێیەمیان کەسێکە کۆچانێک لە دەستی چەپیدایە و تورەکەیەک پارە لە دەستی ڕاستیدایە، ئەمەیان نیشانەی چاوچنۆکی و تێرنەبوونە، چوارەمیان کەسێکە ئاوێنەیەکی پێیە و سەیری خۆی پێدەکات، گوزارشت لە خۆبەزلزانین و لەخۆبایی بوون دەکات.

بەشی خوارەوە
ساڵنامەیەکە لە نێو بازنەیەکدایە، ئەمیش چوار بووکەڵەی دار لە لاکانی هەن، لە ڕاستەوە مێژوونووس، فەلەکناس، فریشتە، فەیلەسوف.

ساڵنامەکە لە سەدەی 18 لەلایەن نیگارکێشی ناوداری چیکی جۆزێف ماننس لە سەدەی 18 نوێکراوەتەوە، بۆیە ئێستا بە ساڵنامەی ماننس ناودێردەکرێت. تەختی ساڵنامەکە لە 25 وێنە پێکهاتووە، وێنەیەی کۆشکێک لە ناوەڕاستیدایە و بە دەوریدا نەخشێکی بازنی هەیە، پاشان 12 بازنە بە دەریدا هەن کە هەر یەکەیان هێماکانی بورجە فەلەکییەکانی تێدا کراوە، بە دوایاندا 12 بازنەی دیکەی گەورەتر هەن و هەر یەکەیان وێنەیەکی تێدا کێشراوە گوزارشت لە یەکێک لە مانگەکانی ساڵ دەکات.

لە کۆتا بازنەی سەر ساڵنامەکە، 365 خانە بۆ ڕۆژەکانی ساڵ کراون و هەر خانەیەک کراوە بە چوار بەش، تیایاندا بە زمانی چیکی نووسراوە بۆ ئاماژەکردن بە ڕۆژەکان. لە ساڵنامەکە، میلەکە جێگیرە و لە سەرەوەیە (لە شوێنی هاوشێوەی کاتژمێر 12 )، بەڵام ئەوەی دەجوڵێت تەختی ساڵنامەکەیە کە دەخولێتەوە.


بۆچی گەشتیاران زیاتر لە سەری کاتژمێرەکاندا لە بەدەم کاتژمێرەکە کۆدەبنەوە سەرنج دەدەنە کاتژمێرەکە؟!
ڕۆژانە لە کاتژمێر 9 ی بەیانی هەتا 11 ی شەو، لە سەری هەر کاتژمێرێکدا، ئێسکەپەیکەرەکە پەتەکەی دەستی ڕادەکێشێت و بە دوایدا زەنگی کاتژمێرێکە دەستدەکات بە لێدان و هەردوو پەنجەرەکەی سەرەوەی دەکرێنەوە و 12 پەیکەری شاگردەکانی مەسیح بە دوای یەکتردا دەردەکەون. سێ بووکەڵە دارەکەی دیکەی لای کاتژمێرەکە سەریان ڕادەوەشێنن، بە واتای ئامادە نین ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە. ئەم نمایشە نزیکەی یەک خولەک دەخایەنێت و لە کۆتاییدا کەڵەشێرەکە دەخوێنێت و پەنجەرەکان دادەخرێنەوە.

نمایشەکە ببینە:


دەتوانیت ڕاستەوخۆ بینەری کاتژمێرەکە بیت لەم لینکەوە

چەند ئەفسانەیەک لەسەر کاتژمێرەکە

ئەفسانەی وەستا هانوش
بڵاوترین ئەفسانەی ئەم کاتژمێرە فەلەکییە ئەوەیە، وەستایەکی دروستکردنی کاتژمێر هەبووە بە ناوی وەستا هانوش، گوایە ئەم وەستایە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی پراگەوە دەستنیشانکراوە بۆ دروستکردنی کاتژمێرێکی ناوازە. کاتێک لە دروستکردنی لێبووەتە، کاتژمێرەکە بە جۆرێک سەرنج ڕاکێش بووە لە شارەکانی دیکە ئەوروپاوە داوایان لێکردووە کاتژمێری لەو جۆرە بۆ ئەوانیش دروستبکات.

ئەنجومەنی شارەوانی پراگ کە بەوەیان زانیوە ترسیان لێ نیشتووە هانوش بچێت کاتژمێری دیکە دروستبکات و کاتژمێرەکەی ئەوان بەهایەکی ئەوتۆی نەمێنێت، بۆیە چەند کەسێکیان بە کرێ گرتووە کوێری بکەن، ئەو چەند کەسەش وەکو دز بە شەو چوونەتە سەر ماڵی هانوش و کوێریان کردووە.

دواتر هانوش زانیویەتی کێ لە پشت کوێرکردنی بووە، بۆیە داوای لە یەکێک لە شاگردەکانی کردووە بیبات بۆ سەر بەشی میکانیکی کاتژمێرەکە، شاگردەکەش داواکەی جێبەجێ کردووە. هانوش لەگەڵ گەیشتنی بۆ سەر کاتژمێرەکە بە دەست شوێنی پارچەکانی ناسیوەتەوە و توانیویەتی کاتژمێرەکە لەکاربخات. بەپێی ئەفسانەکە کاتژمێرەکە بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەکارکەوتووە هەتا توانراوە چاکبکرێتەوە.


ئەفسانەی شوومی کاتژمێرەکە

ئەفسانەکە دەڵێت ئەگەربێت و ئەو کاتژمێرە لە کاربکەوێت، ئەوا بەڵا و کارەسات ڕوو لە شاری پراگ و وڵاتەکە دەکات.

یان دەڵێن ئەوەی کاری لەسەر بکات شێت دەبێت. ڕێکەوتیش کردی جۆزێف ماننسی نیگارکێش دوای چەند ساڵێک لەوەی ساڵنامەی کاتژمێرەکەی نوێکردەوە، دووچاری نەخۆشی هەوبوونی پەردەی مێشک بوو و وەک شێت ڕەفتاری دەکرد هەتا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد. بۆیە هێشتا کەسانێک هەن بڕوایان وایە ئەم کاتژمێرە فەلەکییە هێزێکی شاراوەی لە پشتە.

بەڵام ئەفسانەکان هەر چۆنێک بن، ڕاستییەک هەیە نکوڵی لێناکرێت، ئەویش کارکردنی ئەم کاتژمێرە سەرچاوەی داهاتە بۆ وڵاتەکە، بەو پێـیەی هۆکارێکە بۆ ڕاکێشانی ملیۆنان گەشتیار. ساڵی 2022 زیاتر لە 19 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە وڵاتی چیک کردووە و بە بەهای زیاتر لە 5 ملیار دۆلار سوودیان بە ئابوری وڵاتەکە گەیاندووە.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ماڵپەڕی تایبەت بە کاتژمێرەکە وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG