لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، زیندانییەکی دیکەی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، لەلایەن دەزگای ئیتلاعات و ئاسایشی ئێرانەوە گوشاری دەخرێتە سەر.
بە پێی ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نایب عەسکەری، زیندانی سیاسی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ڕۆژی چوارشەممە، 28ی مانگی شەش سەرەڕای ناڕازیبوونی ئەو زیندانییە، بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ناوبراو لە بەندی زیندانیانی سیاسی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە بۆ ئەو بەشەی زیندانەکە کە تایبەتە بەو کەسانەی بارودۆخی دۆسیەکەیان دیاری نەکراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ناوەندی ئەو شارە زیاتر بووە و ئەو دەزگا ئەمنییە لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە لەو زیندانەدا، بانگهێشتی زیندانیانی سیاسی کردووە و هەڕەشەی لێکردوون.
نایب عەسکەری زیندانی سیاسی کوردی تەمەن 46 ساڵی خەڵکی ورمێ، دوای زیاتر لە دوو ساڵ دەستبەسەرکردنی ، مانگی چواری ساڵی 2023 بە تۆمەتی موحاریبە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
عەسکەری کە پێش دەستبەسەربوونی چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستان ژیاوە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری ورمێ بە تۆمەتی موحاریبە لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پژاکدا بە شێوەی غیابی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، بەڵام پاش داوای پێداچوونەوە بە سزاکەدا لە لایەن ئەو زیندانییەوە، بڕیاری لەسێدارەدانەکەی هەڵوەشایەوە و ڕەوانەی لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا.
مانگی چواری ئەمساڵ ئەو زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی موحاریبە و ئەندامبوون لە پژاکدا، جارێکیتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە بە ماڵپەڕی هرانای ڕایگەیاندوە کە بارودۆخی جەستەیی و دەروونی نایب عەسکەری باش نییە و ناوبراو پێشتر و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا جارێک بووراوەتەوە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیشی بۆ دابین نەکراوە."
ناوبراو لە مانگی حەوتی ساڵی 2021 وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نەدانی مووڵەت بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست بۆ ماوەی 32 ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.
شایانی باسە ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها لە مانگی حەوتی ساڵی 2021 بە هۆی شەڕی نێوان چەند زیندانییەکی بەندی سیاسی و زیندانیانی بەندی تاوانە گشتیەکان، دوای سکاڵای بەرپرسی زیندانی ناوەندی ورمێ بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی زیندانەکە"، سزای لێدانی 50 قامچی و 3 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.