Accessibility links

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا: لە بەدواداچوونی دۆسێی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نەبووین 


باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاند "لە بەدواداچوونی دۆسێی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نەبووین."

محەمەد کازم ئەلسادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلعەهد گوتی "چەند لیژنەیەکمان لەگەڵ کوردەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و چەککردنی دژبەرانمان پێکهێنابوو."

سەبارەت بە ئەنجامی پێکهێنانی ئەو لیژنانە، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی "دوای ئەوەی نەگەیشتینە ئەنجام، ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەغدا وروژاند و حکومەتی سودانیش پێشوازی لێکرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە".

شایانی باسە کەناڵی تەلەفزیۆنی "ئەلعەهد" بەشێکە لە لقی ڕاگەیاندنی گروپی سیاسی-سەربازی "عەسائیب ئەهل ئەلحەق"ی عێراق. ئەم گرووپە چەکدارە یەکێک لە گروپە ژێردەستەکانی حەشدی شەعبی سەر بە هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

محەمەد کازم ئەلسادق هەروەها ڕایگەیاندووە کە تاران لەگەڵ لایەنی عێراقی "ڕێککەوتووە" بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان" لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی، چەندین جار لە ڕێگای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی سیڤیل و زیانگەیاندن بە ناوچەکانی نیشتەجێبوون.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی بەغدا چەندین جار ئەو هێرشە سەربازییە زیانبەخشانەیان بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان شەرمەزار کردووە و داوای ڕاگرتنی تەواوەتی هێرشەکانیان کردووە.

ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق ڕێککەوتنێکیان لەسەر "هاوکاری ئاسایشی" واژۆکرد کە بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، چالاکی حزبە کوردییەکانی دژبەری تاران، تەوەری سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە بووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران مانگی پێنجی ئەمساڵ بانگهێشتی باڵیۆزی عێراقی لە تاران کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە مەراسیمی یادی مەلا مستەفا بارزانی کە عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وهەروەها نوێنەری لایەنە سیاسیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیش تیایدا ئامادەبوون.

XS
SM
MD
LG