Accessibility links

پۆلیسی هۆڵەندا 2 کەس دەستگیردەکات بە تۆمەتی ناردنی هاوکاری دارایی بۆ حەماس


داواکاری گشتی هۆڵەندا ڕایگەیاند، پیاوێک و کچەکەی دەستگیرکراون بە تۆمەتی ناردنی زیاتر لە 5 ملیۆن یۆرۆ بۆ بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کە لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکانە لە یەکێتی ئەوروپا.

دەزگای دادوەری هۆڵەندا ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت پیاوەکە تەمەنی 55 ساڵە و کچەکەشی تەمەنی 25 ساڵە لە شارۆچکەی لایدسخێندام لە نزیک شاری لاهای دەستبەسەرکراون و ماڵەکەیان و شوێنێکی بازرگانی لە ڕۆتردام لە لایەن پۆلیسەوە پشکێنراوە و دەستگیراوە بەسەر پارەیەک بە بڕی 750 هەزار یۆرۆ لە جسابێکی بانکدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگای داواکاری گشتی پێیوایە ئەم باوک و کچە نزیکەی 5.5 ملیۆن یۆرۆیان بۆ کۆمەڵی گرێدراو بە حەماس ڕەوانەکردبێت.

داواکاری گشتی گومانی لەوەش هەیە، ئەم باوک و کچە پەیوەندییان هەبووبێت بەو ڕێکخراوە تاوانکارییانەی ئامانجیان پشتیوانیکردنی حەماس بووە لە ڕووی داراییەوە. گومانیش دەکرێت پەیوەندییان بە دەزگایەکەوە هەبووبێت کە شوێنی ڕێکخراوێکی گرتبووە بەهۆی ڕەوانەکردنی پارە بۆ حەماس سزای خرابووە سەر.

کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو باوک و کچە لەسەر بنەمای مامەڵە داراییە نائاساییەکانیان بووە، هەروەها چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیش بڵاوبوونەوە کە تیایاندا باس لە کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بۆ حەماس لە ئەوروپاوە کرابوو.

لە دوای ڕووداوەکانی یانزەی سێبتەمبەری ساڵی 2001 لە ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا بزووتنەوەی حەماس کە ئێستا دەسەڵاتی بەسەر کەرتی غەزەدا هەیە خستە ناو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان.

هەرچەندە لە ساڵی 2014 دادگایەکی ئەوروپا ناوی حەماسی لەو لیستەدا سڕییەوە، بەڵام جارێکی تر لە ساڵی 2017 دادگایەکی باڵای ئەوروپا جارێکی تر حەماسی خستەوە ناو لیستەکە.


سەرچاوە/ فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG