لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان، نرخی مەڕ و بەران لە وڵاتی تونس بە نزیکەی 25% زیادیکردووە، ئەمەش لە کاتێکدا ئەو وڵاتە بە قەیرانێکی ئابوریدا تێپەڕ دەبێت.
ڕەزا ئەبوزێد کە هاووڵاتییەکی تونسە و چووە بۆ بازاڕی ئاژەڵ هەتا مەڕێک بکڕێت، دەڵێت مەڕێکی پێ باش بووە و کە نرخەکەی پرسیوە، وتوویانە بە 950 دینارە، بەڵام خۆی مووچەکەی 900 دینارە.
خاوەن ئاژەڵەکان، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بۆ ئەو وشکەساڵییە گەڕاندەوە کە لەمساڵدا تونسی گرتەوە و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف، تەنانەت هەندێکیان ساڵی ڕابردوو ناچاربوون ئاژەڵەکانیان بفرۆشن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی شیر بۆ ماوەی چەند مانگێک.
جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە یەک ملیۆن سەرە مەڕ کرانە قوربانی، بەڵام لە ئەمساڵدا پێشبینی دەکرێت لە 850 هەزار سەرە مەڕ زیاتر نەبێت.
جووتیار و کرێکارانی بواری کشتوکاڵ مەترسییان هەیە تەواوی ئەم کەرتە هەرەسبێنێت.
خالد عەیاری کە بەرپرسێکە لە سەندیکای کشتوکاڵی تونس دەڵێت، ئەم جۆرە کەرەتە گرنگانە وا لە لێواری هەرەسهێناندان بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت کە هیچ هیوایەکی بۆ نەهێشتووین.
سەرچاوە / فرانس پرێس