Accessibility links

هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەند ئەندامێکی بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون دەستگیر دەکەن


ڕێپێوانی خەڵک بەرەو گۆڕستانی ئایچی لە سەقز
ڕێپێوانی خەڵک بەرەو گۆڕستانی ئایچی لە سەقز

دەیان بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا کۆژران، ڕۆژی هەیەنی بە هۆی ئامادەبوونیان لە سەر گۆڕی کوژراوەکان لە شاری سەقز و بوکان، لە کاتی گەڕانەوەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە کۆمەڵ دەستبەسەر دەکرێن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی هەنگاو لەم بارەیەوە، ژنان و منداڵانی بنەماڵەی قوربانیانی شاری سنە، دیواندەرە و دێهگۆلان لەسەر ڕێگای نێوان شارەکانی سەققز و دیواندەرە بە نێوە شەو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئازاد کراون و بە بێ ئۆتۆمبێل بەجێهێڵراون، بەڵام تاکو ئێستا هەشت کەسیان کە هەموویان پیاون، دەستبەسەرن.

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش نووسیوێتی ئەندامانی ئەو بنەماڵانە کە ژمارەیان 30 کەس بوون، لە کاتی گەڕانەوەیان لە سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.


سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵانە بە ڕێکخراوی هەنگاویان ڕاگەیاندووە لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی کردنیان لەو خێزانانە وەرگرتووە و هەروەها شۆفێرەکەشیان دەستبەسەرکردووە، لە ئۆتۆمبێلەکانیان دابەزێنراون و بەو نیوە شەوە لە سەر جادەکان بە منداڵەوە بەجێهێڵراون و هەر بۆیە ناچاربوون تاکوو شارەکانی خۆیان ئەو ڕێگەیە بە پێ ببڕن.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ئەو خێزانانە پیشان دەدات کە دوای گەیشتنیان بۆ سەر گۆڕی کۆژراوەکانی ناڕەزایەتییەکان لە بوکان، دروشمی "ژن،ژیان.ئازادی" و "شەهید نامرێت" دەڵێنەوە.

ڕەفیق حسێن پەناهی، برای زیندانی سیاسی ڕامین حسێن پەناهی، کە لە مانگی 9ی ساڵی 2018 لە سێدارە درا، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوێتی "بنەماڵەکانیان لە نیوەی شەودا لەسەر جادەی نێوان شارەکانی سەقز- دیواندرە دابەزاندووە و تا بەرەبەیان بە تەنها لەسەر جادەبانەکان بوون و هەروەها شەش ئەندامی پیاوی بنەماڵەکانیان و هەروەها دوو شۆفێرەکانشیان تاکو ئێستا لە ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەرن."
پەناهی لە پۆستێکی دیکەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە کە دایکی تێدایە و بە ئاماژەدان بە دیمەنەکان نووسیوێتی" ئەمە وێنەی دایە شەریفە و دایکەکانی دیکەیە لەسەر گۆڕی گیانبەختکراوان و تەنها چەکی دەستیشیان، وێنەی ئازیزانیانە."

هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەو خێزانانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو بنەماڵانەوە نەخستوەتەڕوو.

XS
SM
MD
LG