Accessibility links

پۆلیسی فەڕەنسا: ئەو کەسەی لە شاری ئانسی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر منداڵان خەڵکی سوریایە


پۆلیسی فەڕەنسا ڕایگەیاند ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە لە شاری ئانسی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بە چەقۆ هێرشی کردە سەر کۆمەڵێک منداڵی باخچەی ساوایان کاتێک لە باخێکی نزیک دەریاچەی ئانسی یارییان دەکرد.

پۆلیس وتی هێرشەکە کە لە نزیک کاتژمێر 9:45 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی ئەمڕۆ پێنجشەممە کرابوو، بووەتە هۆی برینداربوونی 5 کەس کە چواریان منداڵن. ئاشکراشی کرد هێرشبەرەکە تەمەنی لە سییەکاندایە و خەڵکی سوریایە و هاتووەتە وڵاتەکە بۆ داوای مافی پەنابەری.

ئیمانۆئێل ماکردۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە ڕێگەی تویتەرەکەی هێرشەکەی سەرکۆنەکرد و بە هێرشێکی تەواو ترسنۆکانە ناودێری کرد.

جێراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا هەواڵی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکەی پشتڕاستکردەوە و لە تویتەرەکەی نووسیویەتی، هێزەکانی پۆلیس زوو کاردانەوەیان هەبووە و توانیویانە هێرشبەرەکە دەستگیربکەن.

سەرچاوەیەک لە هێزەکانی ئاسایش بە ئاژانسی فڕانس پرێسی وتووە دوو لە منداڵەکان کە مەزەندەدەکرێت تەمەنیان نزیکەی 3 ساڵ بێت، برینەکانیان زۆر قورسە.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG