Accessibility links

ئێران هاووڵاتییەکی دانیمارک و 2 هاووڵاتی نەمسا بە نێوەندگیری عومان و بەلجیکا ئازاد دەکات


کامەران قادری و مەسعوود موساحێب، هاووڵاتیانی ئازادکراوی نەمسا
کامەران قادری و مەسعوود موساحێب، هاووڵاتیانی ئازادکراوی نەمسا

حکومەتەکانی ئەوروپا ڕایانگەیاند دوو هاووڵاتیی ئێرانی-نەمسایی و هاووڵاتییەکی دانیمارکی کە لە ئێران زیندانی کرابوون بە نێوەندگیری عومان و پاڵپشتی بەلجیکا، ئازاد کراون.

نەمسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئازادکردنی کامەران قادری و مەسعوود موساحێبی پشتڕاستکردەوە و نووسیوێتی ئەو دوو کەسە لە رێگای گەڕانەوەدان بۆ وڵاتەکەیان.

ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا گوتی "لەوەی کە کامەران قادری و مەسعود موساحێب دوای ساڵانێکی دژواری زیندانیبوون لە ئێران دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، هەست بە دڵخۆشی و ڕەزامەندی دەکەم."

وەزارەتی دەرەوەی نەمسا، ڕۆڵی بەلجیکا و عومانی بۆ ئازادکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە ئێرانی-نەمساییە بە بەرز نرخاندوە.

کامەران قادری بە تۆمەتی سیخوڕی زیاتر لە حەوت ساڵ و مەسعوود موساحێبیش بە هەمان تۆمەت زیاتر لە چوار ساڵ زیندانی بوون لە ئێران.

ئەو زیندانییەی دیکە ئازادکراوە، هاووڵاتی دانیمارکە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە و تەنها لە بەیاننامەکەی حکومەتی بەلجیکا هاتووە کە ئەو کەسە هاووڵاتییەکی دانیمارکە کە لە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە میانەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا دەستبەسەر کراوە.

لارس لۆکە ڕاسمۆسن وەزیری دەرەوەی دانیمارک گوتی دڵخۆشە بە ئازادبوونی هاووڵاتییەکی وڵاتەکەی لە زیندانەکانی ئێران و گوتیشی "ئاشکراکردنی ناوی ئەو زیندانییە، بابەتێکی کەسییە و و ناتوانم بچمە ناو وردەکارییەکانەوە."

هەروەها هەینی ڕابردووش حکومەتەکانی ئێران و بەلجیکا بە نێوەندگیری عومان، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆماتکاری ئێرانی کە بە تۆمەتی تێوەگلانی لە کردەوەیەکی تیرۆریستی زیندانی کرابوو، لەگەڵ ئۆلیڤیێر ڤاندێکستێلی بەلجیکی ئاڵوگۆڕیان کرد.

زۆرێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ پێیان وایە ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپایی مەترسی زۆرتر درووستدەکات بۆ سەر نەیارانی ئێران و هەروەها هاندەری کۆماری ئیسلامیە بۆ بارمتەگرتنی خەڵکی زیاتر بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG