بڕیارە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەشداری لە دانیشتنی لوتکەیی گروپی حەوت لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن بکات و داوای چەک و یارمەتی زیاتر لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان بکات کە لەو دانیشتنەدا بەشدارن.
ئۆلێکسی دانیلۆڤ سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرگری ئۆکرانیا، وێڕای ڕاگەیاندنی سەردانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ژاپۆن، بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئۆکرانیای ڕاگەیاندوە کە "بابەتی زۆر گرنگ لەوێ یەکلایی دەکرێتەوە، بۆیە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری ئێمە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئۆکرانیا زۆر پێویستە."
پێشتر ئاژانسە هەواڵییەکان، هەواڵی سەفەری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بۆ ژاپۆنیان بڵاوکردبووەوە،بەڵام سەرەتا باس لەوە دەکرا کە سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە لوتکەی هیرۆشیما لە ژاپۆن دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەی 'فاینانشیاڵ تایمز' بڵاویکردوەتەوە کە زێلێنسکی بە شێوەیەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشداری ناکات، بەڵکو دەچێتە ژاپۆن بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی گروپی حەوت.
چارلێز میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندوە کە لە کۆبوونەوەی گروپی حەوت لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن باس لە گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی مۆدێرن و پێشکەوتووی ئێف 16 بۆ ئۆکرانیا دەکرێت.
میشێل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند و گوتی "سەرکردەکانی گروپی حەوت لە نزیکەوە هەماهەنگی دەکەن بۆ پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی هاوبەش بۆ پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا."
شەڕ لە ئۆکرانیا بێ وەستان بەردەوامە و لە دوایین حاڵەتدا جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتی شاری باخموت کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای ڕاگەیاندوە.
وڵاتانی ئەندامی گروپی حەوت کە گەورەترین پشتیوانانی ئۆکرانیان، بریتین لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمەریکا.
سەرچاوەکان/سی ئێن ئێن/نیویۆرک تایمز