Accessibility links

پەروین بوڵدان: کاتی ئەوە هاتووە ماندووبوونەکانمان ئەمڕۆ دەرەنجامێکی هەبێت


هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و کاندیدی پارتی چەپی سەوزی وان پەروین بوڵدان ، لە وان دەنگی خۆی دا.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بوڵدان لە قوتابخانەی کۆماری گەڕەکی سەهیت فەهیمە فەهیمێ دەنگی خۆی دا و گوتی ئەمڕۆ دەرئەنجامی ماندووبوونەکانیان وەردەگرین.

بوڵدان گوتیشی "ئێمە ماوەیەکی زۆرە کار دەکەین و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەنجامی کارەکانمان وەربگرین. ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی تورکیا خەڵک دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن. هیوادارم هەموو ئەو دەنگانەی دەدرێن ببنە هۆی سەقامگیری و گۆڕانکاری باش، ئاشتی، دادپەروەری و دیموکراسی. ئەم وڵاتە ماوەیەکی زۆرە وڵاتێکی نادادپەروەری گەورە بووە."

بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چاوەڕێی ئەوەن لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکاری بێتە ئاراوە گوتیشی ئەمە هیوای 83 ملیۆن دانیشتوانی تورکیایە.

بولدان دوای دەنگدانەکە بەرەو ئانکەرە بەڕێکەوت. لە بارەگای حزبەکەی چاودێری پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات.

هەدەپە بەهۆی مەترسییەکان لەسەر ئەگەری قەدەغەکردنی، لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا دەکات و بۆ سەرۆکایەتیش پشتیوانی لە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدارئۆغڵو دەکات.

بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكان، لەنێوان 10% بۆ 12%ـی دەنگەكانی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ خۆی دەبات.

شایانی باسە کاژێر 8ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەنگدان لە تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.

هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ پڕکردنەوەی 600 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان هەیە، کە 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش لە نێو هاوپەیمانییەکاندا لە رکابەریدان.

XS
SM
MD
LG