دادپرسانی بەلجیکا ڕایانگەیاند، پۆلیسی بەلجیکا ڕۆژی پێنجشەممە حەوت کەسی دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت پشتیوانی لە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی و پیلانگێڕی بۆ "هێرشی تیرۆریستی" بکەن.
داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، نزیکەی هەموو تۆمەتبارەکان خەڵکی چیچانن و سێ کەسیان خاوەنی ڕەگەزنامەی بەلجیکین.
ئەوان دەڵێن: تا ئێستا ئامانجی وردی هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە دیاری نەکراوە.
پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر نۆ ناونیشان لە چەند شارۆچکەیەکی ڕۆژئاوای بەلجیکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەرۆکایەتی دادوەرێکی لێکۆڵینەوە کە پسپۆڕە لە دۆسیەکانی تیرۆر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادوەر دواتر بڕیار دەدات ئەگەر بەڵگەی پێویست هەبێت بۆ ئەوەی گومانلێکراوەکان تۆمەتبار بکرێنیان نا. ئاماژەی بەوەشکردووە، "تۆمەتەکان بریتین لە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی تیرۆریستی، بەشداریکردن لە چالاکییەکانی گروپێکی تیرۆریستی و ئامادەکاری بۆ هێرشی تیرۆریستی".
داواکارانی گشتی ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەر حەوت دەستگیرکراوەکە "گومانیان لێدەکرێت هێرشێکی تیرۆریستییان لە بەلجیکا ئامادەکردبێت". هەموویان "سەر بە کۆمەڵێک لایەنگری بەهێزی داعشن".
وتەبێژی فەرمانگەی داواکاری گشتی فیدراڵی، ئێریک ڤان دویس، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "پێدەچێت بەنیازی ئەوە بوون دامەزراوەیەک بکەنە ئامانج کە دەکەوێتە بەلجیکا" و "چالاکانە بەدوای چەکدا دەگەڕان".
هەڵمەتەکانی پۆلیس لە گێنت و شارۆچکە بچووکەکانی ڕۆسێلار، مێنێن، ئۆستێند و وێڤێلگێم ئەنجامدراون.
گروپی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکان لە بەلجیکا لە 22ی ئازاری 2016 ڕاگەیاند کە فڕۆکەخانەی برۆکسل و میترۆی پایتەختی کردە ئامانج و 32 کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون.
ئەو ڕووداوانە چەند مانگێک دوای هێرشەکانی تشرینی دووەمی 2015 لە پاریس ڕوویاندا کە لەلایەن هەمان شانەی داعشەوە پلانیان بۆ دانرابوو و 130 کەسی کوشت.
چیچان کۆمارێکە لە ناوچەی قەفقازی باکووری ڕووسیا، دانیشتووانی زۆرینەیان موسڵمانن، لە لایەن ڕەمزان کادیرۆڤ، لایەنگری بەهێزی کرێملین بەڕێوەدەبرێت، کە پشتیوانی لە شەڕی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەکات لە ئۆکرانیا و میلیشیاکانی خۆی بۆ شەڕی ئۆکرانیا ناردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس