لەشکری ئەمەریکا ڕایەگەیاند هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجامدا و سەرکردەیەکی باڵای ئەڵقاعیدە کراوە بە ئامانج.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، هێرشەکە کراوەتە سەر کێڵگەیەکی مریشک لە نزیک شارۆچکەی حەریم و کەسێک کوژراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ناسنامەی کوژراوەکە دەستنیشان نەکراوە.
ئەم هێرشە هاوشێوەی زنجیرەیەک هێرش بووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کە ئەندامانی باڵای گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی یان ئەلقاعیدەی تیادا کوژران.
نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا (CENTCOM) دەڵێت ماوەیەکی کورت بەر لە نیوەڕۆ هێزەکانی ئەمەریکا " هێرشێکی یەکلایەنەیان" لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجام داوە، تیایدا بەرپرسێکی باڵای ئەلقاعیدە کرایە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیاری زیاتر دەدرێت "لەگەڵ بەردەستبوونی وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەدا."
ژەنەڕاڵ ئێرک کوریلا، فەرماندەی باڵای سوپای ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە "پابەندبوونی چەسپاوی CENTCOM بە ناوچەکە و شکستی هەمیشەیی" داعش و ئەلقاعیدە دووپات دەکاتەوە.