Accessibility links

بڕیارە سەرۆک کۆماری ئێران هەفتەی داهاتوو سەردانی سوریا بکات


سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە حکومەتی سوریا ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە کە هەفتەی داهاتوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی دیمەشق دەکات.

لەوەتای ساڵی 2011ەوە کە شەڕ لە سوریا دەستیپێکردوە، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆمارێکی ئێرانە بۆ ئەو وڵاتە.

بەشار ئەسەد بە هاوکاری سەربازی و پاڵپشتی ئابووری هەردوو وڵاتی ئێران و ڕووسیا توانی ڕووبەڕووی ململانێکان ببێتەوە و بەشێکی زۆری وڵاتەکەی کۆنترۆڵ بکاتەوە.

ئەو سەرچاوە باڵایە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە گەرمبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران و هەروەها دووبارە نزیکبوونەوەی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە سوریا، ڕێگەی بۆ سەردانەکە خۆشکردووە.

جێی ئاماژەیە ماوەیەک پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی سعودیه کە پێشتر خوازیاری لابردنی ئەسەد بوون، ڕایگەیاند که دابڕاندنی سووریا کار ناکات و دیالۆگ له گەڵ دیمەشق پێویسته، به تایبه ت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی مرۆیی ئه و وڵاته .

ڕۆژنامەی 'ئەلوەتەن'ی سوری کە نزیکە لە حکومەتی ئەسەد بڵاویکردوەتەوە کە سەردانەکەی ڕەئیسی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و بە زنجیرەیەک ڕێککەوتن بەتایبەتی سەبارەت بە هاریکاری ئابووری کۆتایی پێدەهێنرێت.

ئێران پێشتر پارەی بە قەرز بە دیمەشق داوە و لەبەرامبەردا فۆسفاتی لە کانەکانی سوریا هاوردە کردووە.

ماوەیەک پیش ئێستا چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاتی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، بە فڕۆکە بارهەڵگرەکانی تایبەت بە گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکەکان ، چەک و کەرەستە و ئامێری تری لەشکریی گواستووەتەوە بۆ سوریا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG