Accessibility links

فەرماندەی پۆلیسی ئێران هەڕەشە لە دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ دەکات


حسێن ئەشتەری (ڕاست) و ئەحمەدرەزا ڕادان(چەپ)
حسێن ئەشتەری (ڕاست) و ئەحمەدرەزا ڕادان(چەپ)

لە سەروبەندی لاپەڕەیەکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ، فەرماندەی هێزی پۆلیسی ئێران جەختی لە وردبینی کامێراکان بۆ ناسینەوەی ژنانی بێ حیجاب کردەوە.

ئەحمەدرەزا ڕادان لەبارەی ئەو کامێرایانەی بۆ پرسی سەپاندنی حیجاب دانراون، گوتی "دڵنیابن لەوەی کامێراکان هەموو شتێک وەک خۆی دەگوازێتەوە."

پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند لە ڕۆژی شەممەوە لە رێگای کامێراکانی کۆنترۆڵکردنی ھاتووچۆ و چاودێرییەوە، ڕووبەڕووی ئەو ژنانە دەبنەوە کە لە شوێنە گشتییەکان و لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا سەرپۆشەکانیان لابردووە و رەچاوی یاسا و رێسای جل پۆشینی کۆماری ئیسلامی ناکەن.

بەگوتەی پۆلیسی ئێران، دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ دوای ئاگادارکردنەوەیان، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.

سزادانی ژنان بەهۆی لابردنی سەرپۆشەکانیانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆرێک لە یاساناسان و پارێزەران بووەتەوە.

پێشتر ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران باسی لەو سزایانە کردبوو کە بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران دانراون، لەوانەش سزادانی دارایی لە 500 هەزار بۆ 3 ملیار تمەنی ئێرانی و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکانیان.

ڕەخنەگران سەپاندنی سزای دارایی بە ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی داهات بۆ حکومەت ناودەبەن.

چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی ئێران لەگەڵ دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ، تەنانەت بووەتە هۆی ڕەخنەی کەسایەتییە سیاسییەکانی خوودی حکومەتی ئێرانیش.

نەیارانی حیجابی زۆرەملێ، مافی هەڵبژاردنی جل وبەرگ بە مافێکی سروشتی و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کەسیدا دەزانن و سەرەڕای هەڕەشەکانی حکومەتیش پاشەکشەیان لە داواکاریەکەیان نەکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG