دیپلۆماتێکی باڵای ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ڕەنگە ڕووسیا ئامادەبێت لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ لەسەر گۆڕینەوەی زیندانییەکان بکات کە پەیوەندی بە ئیڤان گێرشکۆڤیچ پەیامنێری زیندانیکراوی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە هەبێت، دوای ئەوەی دادگا بڕیاری لەسەر بدات.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگی ڕیابکۆڤ بە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی TASSی ڕاگەیاندووە، وتووێژ لەسەر ئەگەری ئاڵوگۆڕکردن دەکرێت لە ڕێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە ئەنجام بدرێت کە دەزگا ئاسایشییەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا بۆ ئەو مەبەستانە دایانمەزراندووە.
ڕیابکۆڤ گوتویەتی " ئێمە کەناڵێکی کارکردنمان هەیە کە لە ڕابردوودا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنە کۆنکرێتییەکان بەکارهێنراوە و ئەو ڕێککەوتنانەش جێبەجێ کراون،" ئاماژەی بەوەشکرد، پێویست بە بەشداریکردنی هیچ وڵاتێکی سێهەم نەبووە.
بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ تەنها دوای ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی لە دۆسیەی "سیخوڕیکردن" لە دژی گێرشکۆڤیچی تەمەن 31 ساڵ بدات، دانوستان لەسەر ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەکات.
لە مانگی دوازدە بریتنی گراینەر ئەستێرەی تۆپی باسکە ئەمەریکایی پاس 10 مانگ لە دەستگیرکردنی ئازاد کرا لە بەرامبەر ئازادکردنی ڤیکتۆر باوتی بازرگانی چەکی ڕووسی.
ئەمەریکاییەکی تر بە ناوی پۆڵ ویلان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆمپانیاکانی میشیگەن، لە مانگی دوانزەی ساڵی 2018 وە لە ڕووسیا زیندانی کراوە بە تۆمەتی سیخوڕی، تۆمەتێک کە خێزانەکەی و حکومەتی ئەمەریکا دەڵێن بێبنەمایە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرەتای ئەم مانگە داوای لە هاوتا ڕووسیەکەی سێرگی لاڤرۆڤ کرد دەستبەجێ ئازادکردنی هەردوو گێرشکۆڤیچ و ویلان مسۆگەر بکات.
دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا کە دەزگای کە جێگرەوەی ئاژانسی KGB سەردەمی سۆڤیەتە، لە 29 ی مانگی سێ گێرشکۆڤیچی لە شاری یکاتێرینبۆرگ دەستگیرکرد کە چوارەم گەورەترین شاری ڕووسیایە، یەکەم پەیامنێری ئەمەریکاییە لە دوای جەنگی ساردەوە لە ڕووسیا دەستبەسەر کراوە بەهۆی ئەوەی گوایە سیخوڕی کردووە.
دەزگای ئاسایشی فیدراڵی کە بە FSB ناسراوە، گێرشکۆڤیچی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی لەبارەی کارگەیەکی چەکی ڕووسی دەدات. هەردوو حکومەتی ئەمەریکا و وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە توندی ئەو تۆمەتەی ڕووسیایان ڕەتکردەوە.
ڕۆژی دووشەممە حکومەتی ئەمەریکا گێرشکۆڤیچی بە "بە هەڵە دەستبەسەرکراو" ڕاگەیاند، ئەمەش بەو مانایەیە کە نووسینگەیەکی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرۆکایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ ئازادکردنی.
سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ دایک و باوکی گرێشکۆڤیچ قسەی کرد و دووبارە ئیدانەی دەستبەسەرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەی کردەوە. بایدن گوتی "ئێمە بەڕاستی ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە ئەوەی ڕوودەدات بە تەواوی نایاساییە، و ڕاشمانگەیاندووە."
ڕۆژی پێنجشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، دیسانەوە جەختی لەسەر ئیدیعای مۆسکۆ کردەوە کە گێرشکۆڤیچ لە کاتی ئەنجامدای "کاری سیخوڕی " گیراوە. ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بە شێوەیەکی شەخسی بڕیاری دەستگیرکردنی گێرشکۆڤیچی داوە.
پێسکۆڤ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان وتی "ئەوە هەڵبژاردەی سەرۆک نییە، ئەوە پەیوەندی بە خزمەتگوزارییە تایبەتەکانەوە هەیە، کە کاری خۆیان ئەنجام دەدەن".
ئەمەریکا فشاری خستۆتە سەر دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بۆ ئەوەی ڕێگە بدە کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا پەیوەندی بە گێرشکۆڤیچەوە بکەن. ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، مۆسکۆ "لە کاتی خۆیدا بەگوێرەی پراکتیکەکانی کونسوڵگەری و یاساکانی ڕووسیا" ئەو کارە دەکات.
سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد