نەرویج 15 کارمەندی باڵیۆزخانەی ڕووسیا دەردەکات کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، کارمەندی هەواڵگرین و لەژێر پەردەی پێگەی دیپلۆماسیدا کاردەکەن. مۆسکۆش ڕایگەیاند وەڵامی ئەم هەنگاوە دەداتەوە.
نزیکەی 40 دیپلۆماتکاری ڕووسیایی لە ئۆسلۆ مۆڵەتی کاریان هەیە، بۆیە دەرکردنەکان زیاتر لە یەک لەسەر سێی ژمارەی دیپلۆماتەکانە.
ئەمەش نوێترین نموونەی وڵاتێکی ڕۆژئاواییە کە دیپلۆماتکارانی ڕووسیا دەربکات لەوەتای سەرەتای لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی سەپێندراوی رووسیا لە ئۆکرانیا دەستیپێکردووە.
تا ئێستا ئەمساڵ هەریەک لە وڵاتانی ئیستۆنیا و هۆڵەندا و نەمسا دیپلۆماتانی ڕووسیایان دەرکردووە.
نەرویج لە مانگی چواری ساڵی 2022شدا سێ ڕووسیایی دەرکرد.
ئانیکن هویتفێڵد، وەزیری دەرەوەی نەرویج لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چالاکییەکانیان "مەترسی لەسەر نەرویج دروست دەکات".
ئەو گوتیشی "ئێمە بە تێپەڕبوونی کات بەدواداچوونمان بۆ چالاکییەکانیان کردووە، لە دوای داگیرکارییەکەی ئۆکرانیا زیادیان کردووە".
گوتیشی ئەوان دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا لە نەرویج دەربچن.
بەگوێرەی ئاژانسی TASSی دەنگوباسی دەوڵەتی ڕووسیا ، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ وەڵامی دەرکردنەکان دەداتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئۆسلۆی ڕووسیا دەستبەجێ ئامادە نەبوون بۆ ئەوەی لێدوان بدەن کاتێک ئاژانسی ڕۆیتەرز پەیوەندی پێوەکردن.
نەرویج کە ئەندامی هاوپەیمانی سەربازی ناتۆیە، سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیا لە جەمسەری باکووردا هەیە.
ئەگەری هەیە ئەم دەکردنانە پرۆسەی گواستنەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جەمسەری باکوور زیاتر ئاڵۆز بکات، کە دەزگایەکی فرەلایەنە و تێیدا گەلانی جەمسەری باکوور باس لەو پرسانە دەکەن کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەی جەمسەرییەکە هەیە.
لە ئێستادا مۆسکۆ سەرۆکایەتی دەکات، بەڵام بڕیارە نەرویج لە ١١ی مانگی پێنجدا دەستبەکاربێت و ئۆسلۆش ڕایگەیاندبوو کە گواستنەوەی دەسەڵاتەکە بەبێ کێشە ئەرکی سەرەکی کارەکانی دەبێت.
هویتفێڵد، وەزیری دەرەوەی نەرویج وتی هێشتا زووە بڵێین ئایا دەرکردنەکان کاریگەرییان لەسەر گواستنەوەی ئەنجوومەنی جەمسەری باکوور دەبێت یان نا.
گوتیشی وڵاتەکەی هێشتا هەوڵدەدات پەیوەندی دیپلۆماسی ئاسایی لەگەڵ ڕووسیا بپارێزێت.