Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت چوونی فینلەندا بۆ ناو ناتۆ هەڵەیەکی مێژوویی مەترسیدارە


ڕووسیا دەڵێت چوونی فینلەندا بۆ ناو هاوپەیمانێتی سەربازی ناتۆ هەڵەیەکی مێژوویی مەترسیدار بووە کە ئاسایشی ناوچەکە لاواز دەکات و مەترسی ڕوودانی ململانێ زیاتر دەکات هەروەها مۆسکۆ ناچار دەکات ڕێوشوێنی پێچەوانە بگرێتەبەر.

ڕۆژی سێشەممە فینلەندا بە فەڕمی بوو بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئاڵاکەی لە دەرەوەی بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسل بەرزکرایەوە، ئەمەش لە گۆڕانێکی مێژووییە لە سیاسەتی بێلایەنی سەربازی فینلەندادا کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دروست بوو.

لە مۆسکۆ لایەنگرانی کرێملن خۆپیشاندانێکی دژ بە ناتۆیان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئەنجامدا، دروشمی " ناتۆ بوەستێنن " و " ناتۆ سپۆنسەری نازییە " بەرزکرابۆوە.

ڕووسیا و فینلەندا سنوورێکی 1300 کیلۆمەترییان پێکەوە هەیە و مۆسکۆ پێشتر ئاماژەی بەوەدا بوو کە یەکە سەربازییەکانی لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا زیاتر دەکات.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ بە سەرکردایەتی سەربازی ڕووسیای وت چوونی فینلەندا بۆ ناو ناتۆ " مەترسییەکی گەورەی فراوانبوونی ململانێکەی لێدەکەوێتەوە."

بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە کاریگەری لەسەر دەرەنجامی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " ڕووسیا نابێت لە ئۆکرانیادا.

کرێملن وتی ڕووسیا ناچار دەبێت " ڕێوشوێنی پێچەوانە بگرێتەبەر " وەکو وەڵامێک بۆ چوونی فینلەندا بۆ ناو ناتۆ، بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ئەو جۆرە کەلوپەلە سەربازییەی ناتۆ کە ڕەوانەی فینلەندا دەکرێن.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی فراوانتربوونی ناتۆ " دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندی نیشتیمانی ڕووسیا."

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی فینلەندا هەڵەیەکی مێژوویی مەترسیدار دەکات بە چوونی بۆ ناو ناتۆ کە کاریگەرییەکانی وڵاتەکەی لەسەر گۆڕەپانی جیهان کەم دەکاتەوە و زیان بە پەیوەندییەکانی دەگەیەنێت لەگەڵ مۆسکۆدا.

وەزارەتەکە وتی " سیاسەتە بێلایەنییە سەربازییەکەی فینلەندا هەمیشە خزمەتی بە بەرژوەندییە نیشتیمانییەکانی فینلەندا کردووە و فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ بونیادنانی متمانە لە ناوچەی دەریای باڵتیک و کیشوەری ئەوروپاشدا بە گشتی."

وتیشی " ئێستا ئەوە شتێکە لە ڕابردوو. فینلەندا بووە یەکێک لە ئەندامە بچووکەکانی هاوپەیمانێتییەکە کە بڕیار لەسەر هیچ شتێک نادات، دەنگە تایبەتەکەی خۆی لە کاروبارە نێودەوڵەتییەکاندا لە دەست دەدات. ئێمە دڵنیایین لەوەی مێژوو بڕیار لەسەر ئەم هەنگاوە بەپەلەیە دەدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG