سوێلا براڤێرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، لەو بڕوایەدایە ڕواندا وڵاتێکی پارێزراوە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراوی ڕانگەیەند بۆ دەستپیکردنی یەکەم قۆناغی ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە.
حکومەتی بەریتانیا هیوادارە هەزاران کۆچبەر بە دووری زیاتر لە 4 هەزار میل بنێرێت بۆ ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریکا، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی 120 ملیۆن پاوەند (148 ملیۆن دۆلار) بۆ ڕێگریکردن لە پەناخوازان کە لە فەرەنسا بە بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
پلانەکە لە مانگی چواری 2022 ڕاگەیەندرا، بەڵام یەکەم گەشتی گەڕاندنەوەی پەنابەران بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕێگری لێکرا. دادگای باڵای لەندەن لە مانگی دوازدە بڕیاریدا کە پلانەکە یاساییە، بەڵام بەرهەڵستانی بڕیارەکە هەوڵدەدەن پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.
بەریتانیا مانگی ڕابردوو وردەکارییەکانی یاسایەکی نوێی خستەڕوو کە ڕێگری دەکات لەوەی ئەو پەناخوازانەی کە بە بەلەمی بچووکەوە دەگەنە ئەودیوی کەناڵەکە بچنە ناو وڵاتەکەوە. ئەم یاسایە ڕێگرییان لێدەکات لە داوای مافی پەنابەرێتی لەو واتە و هەوڵ دەدرێت دەستبەجێ بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان یان بۆ وڵاتێکی سێیەمی پارێزراو.
هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخوازیەکان دەڵێن، ئەو یاسایە پێشنیار کراوە گونجاو نییە و ڕەنگە هەوڵی هەزاران پەنابەری ڕاستەقینە بە تاوان بزانێت.
براڤێرمان لەلایەن لۆرا کوێنسبێرگ، پەیامنێری بی بی سی پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکی توندوتیژی لەسەر بەشەخۆراک لە کەمپێکی ڕواندا لە ساڵی 2028دا، کە پۆلیسی ڕواندا ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم پێنج پەنابەر گیانیان لەدەستداوە.
لەو وەڵامدا گوتی ئاشنای ئەو کەیسە نییە بەڵام "لەسەر بنچینەیەکی بەهێز" کە دەڵێت ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە چارەسەرێکی دروستە بۆ کێشەی گەیشتنی پەنابەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا.