Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەمەڕ هەژاری و برسێتییەک کە ڕەنگە جیهان بکاتە دۆزەخ


سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین لێدوانیدا پێشبینی دەکات ئەگەر پارەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتی و لێکەوتەکانی دابین نەکرێت، ئەوا لە 12 بۆ 18 مانگی داهاتوو، جیهان ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و برسێتی و شەپۆلەکانی نوێی کۆچکردن دەبێتەوە.

دەیڤید بیزڵی، سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە دوایین قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بێبایەخ سەیرکردنی جیهان بەم هۆشدارییە ڕەنگە لێکەوتەی زۆر خراپ بەدوای خۆیدا بهێنێت کە چیدیکە قەرەبوو نەکرێنەوە.

لە هەمان کاتدا خۆشحاڵی خۆی بۆ زیادبوونی بودجەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا لە ساڵی ڕابردوودا دەربڕی و داوای لە چین، وڵاتانی کەنداو و ملیاردێرەکان و وڵاتانی دیکە کرد کە ڕێوشوێنی کردەیی لەم بوارەدا بگرنەبەر.

سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ئەو 23 ملیار دۆلارەی کە لەمساڵدا مەزەندە دەکرێت بۆ یارمەتیدانی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا و گوتی "سەرسام دەبم ئەگەر تەنانەت 40% ئەو بڕە پارەیە دابین بکرێت."

بڕی ئەو هاوکارییەی ساڵی ڕابردوو توانیویانە دەستەبەری بکەن، 14.2 ملیار دۆلار بووە کە بۆ یارمەتیدانی 128 ملیۆن کەس لە 120 وڵاتدا بەکارهاتووە.

سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی هەروەها ڕایگەیاندووە ساڵی ڕابردوو توانیویەتی ئەمەریکا ڕازی بکات کە بودجەی خۆی لە نزیکەی 3.5 ملیار دۆلارەوە بۆ 7.4 ملیار دۆلار زیاد بکات، هەروەها ئەڵمانیای ڕازی کردووە کە یارمەتییەکانی بۆ 1.7 ملیار دۆلار زیاد بکات.

بەڵام دەیڤید بیزلی دەڵێت پێیوانییە ئەو وڵاتانە ئەمساڵ جارێکی دیکە ئەو کارە بکەنەوە.

سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی هەروەها هۆشداریدا لەوەی کە جیهان دەبێت لەوە تێبگات کە 12 بۆ 18 مانگی داهاتوو گرینگە و ئەگەر دەستبەرداری بودجەی پێشبینیکراوی خۆمان بین، ڕووبەڕووی شەپۆلەکانی کۆچی بەکۆمەڵ دەبین و ناسەقامگیری، هەژاری و برسێتی ڕەنگە جیهان بکاتە دۆزەخ.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هەروەها گوتی بە 400 تریلیۆن دۆلار سامان لەسەر ئەم ئەستێرەیە، هیچ هۆکارێک نابینم بۆ ئەوەی منداڵێک لە برسێتیدا بمرێت.

بە گوتەی دەیڤید بیزلی لە ئێستادا ئەو ناوچانەی کە پێویستیان بە یارمەتی دەستبەجێیە، وڵاتانی ئەفریقا دەگرێتەوە کە بریتین لە سۆماڵ، باکووری کینیا، باشووری سودان، ئەسیوپیا و هەروەها سوریا و ناوچەکانی ئەمەریکای ناوەڕاست و باشوور.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG