وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی شەممە لە نوێکردنەوەی هەواڵگریی ڕۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، نەیتوانیوە هێرشێکی گشتی زستانە لە ئۆکرانیا ئەنجام بدات بە ئامانجی درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی ڕووسیا بۆ سەر تەواوی ناوچەی دۆنباس.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، جیراسیمۆڤ فەرماندەیی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت لە ئۆکرانیا"ی وەرگرتووە، بەڵام "دوای هەشتا ڕۆژ، زیاتر دەردەکەوێت کە ئەم پڕۆژەیە شکستی هێناوە".
ئیزومی ناکامیتسۆ، نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری چەکداماڵین دەڵێت: "مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئێستادا زیاترە لە هەر کاتێک لە قووڵایی جەنگی ساردەوە". "جەنگی ئۆکرانیا نوێنەرایەتی توندترین نموونەی ئەو مەترسییە دەکات".
وتەکانی ناکامیتسۆ ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا دوای ئەوە هات کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی ناستراتیژی لە ناو خاکی بیلاروسیا تا مانگی تەمموز. بیلاڕوس دراوسێی ڕووسیا و هاوپەیمانی لەشکرکێشی ئۆکرانیایە.
ناکامیتسۆ وتی نەبوونی وتووێژ و هەرەسهێنانی ڕێککەوتننامەکانی داماڵینی چەک و کۆنترۆڵکردنی چەک لەگەڵ قسەی مەترسیدار و هەڕەشەی پەردەپۆشکراو دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی ئەتۆمی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک باس لە پرسەکانی پەیوەست بە چەکی ئەتۆمی دەکرێت، پێویستە هەموو دەوڵەتەکان خۆیان لە گرتنەبەری هەر کارێک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی پەرەسەندن.
ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بێلاڕوس ڕۆژی هەینی هەڕەشەی کرد کە بێلاڕوس دەتوانێت میوانداری مووشەکی ئەتۆمی نێوان کیشوەرەکانیش بکات لەسەر خاکەکەی جگە لەو چەکی ئەتۆمی تاکتیکی کە ڕووسیا بڕیاری داوە لەوێ جێگیر بکات.
لە وتارێکی ساڵانەیدا بۆ یاسادانەران و بەرپرسانی حکومەت، لوکاشینکۆ وتی چەکی ئەتۆمی مۆسکۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی بێلاڕووس، کە لوکاشینکۆ ئیدیعای کرد کە لە ژێر هەڕەشەی ڕۆژئاوادایە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا