Accessibility links

لە بەریتانیا لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەکرێت لەسەر کوشتنی نایاسایی لە ئەفغانستان لەلایەن سەربازانی بەریتانیاوە


بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی بە سەرۆکایەتی دادوەر دەستپێکرد سەبارەت بە کوشتنی نایاسایی لەلایەن ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی لە ئەفغانستان لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 .

لە لێکۆڵینەوەکەدا پێداچوونەوە بەسەر ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردن و چۆنیەتی مامەڵەکردنی پۆلیسی لەشکری لە لێکۆڵینەوەکاندا دەکرێت ، بەتایبەتی سەبارەت بەوەی ئایا هیچ پەردەپۆشکردنی شتێک هەبووە یان نا.

لە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکەدا، دادوەری باڵا چارڵز هادن-کەیڤ داوای کرد هەر کەسێک زانیاری هەیە بێتە پێشەوە.

بنەماڵەی هەشت کەس لە ناویاندا سێ کوڕی گەنجیش، کە گوایە لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە کاتی هەڵمەتەکانی شەوانەدا لە ساڵانی 2011 و 2012 لەلایەن هێزە تایبەتەکانی بەریتانیا کوژراون، پێشوازییان لە لێکۆڵینەوەکە کرد کاتێک لە مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا.

ئەندامێکی بنەماڵەی نوورزایی لەو کاتەدا گوتی " ئێمە بەو هیوایەوە دەژین کە ئەوانەی بەرپرسیاربوون لەم کارە ڕۆژێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

ئەو گوتیشی " زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر من دوو برام لە دەست دا، برا بچووکی هاوسەرەکەم و هاوڕێیەکی منداڵیم، هەموویان گەنجبوون و ژیانێکی زۆریان لەبەردەم بوو. منیش قۆڵبەستکرابووم و لە دەرەوەی ماڵی خۆمان لەلایەن سەربازانی بەریتانیاوە لێم دراو و لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا. خزم و هاوڕێکەم هەردووکیان گولە لەسەریان درا کاتێک دانیشتبوون چایان دەخواردەوە."

ئەندامێکی خێزانی سەیفوڵا ش گوتی " ئێستا ئێجگار خۆشحاڵم کە خەڵکانێک هەن ئەوەندە نرخی لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەم لە ئەفغانستان دەزانن، کە لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن."

لە قسەکانیدا دوای ئەوەی بە فەرمی لێکۆڵینەوەکە لە ڕۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد، تێسا گریگۆری، هاوبەشی کۆمپانیای یاسایی لی دەی، وتی خۆسپێرەکانی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یارمەتیدانی تیمی لێکۆڵینەوەکە دەکەن "لە کاتێکدا هەوڵدەدەن ئەو ڕاستییە بسەلمێنن کە بۆ ماوەیەکی زۆر شاراوەتەوە".

ئەو گوتیشی زۆر گرنە " هەر کەسێک کە یاسای شکاندبێت ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە."

لێکۆڵینەوەی یاسایی سەربەخۆ لەلایەن وەزیری بەرگری بن واڵسەوە بەپێی یاسای لێکۆڵینەوەکانی ساڵی 2005 ڕاسپێردرا.


XS
SM
MD
LG