Accessibility links

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا داوای گۆڕینی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی دەکات


بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران داوای گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی کردووە.

جۆزێپ بورێل باس لەوە دەکات کە لە وتووێژێکدا لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان داوای کردوە ئەو حکومەتە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، و هاووڵاتیانی ئەورووپایی زیندانیکراو لە ئێران ئازاد بکات، و کۆتایی بە پشتیوانییە سەربازییەکانیشی بۆ ڕووسیا بهێنێت.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، خوازیاری هاوکاریی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی بەڵێننامە ئەتۆمییەکانی تاران بووە.

پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە 16ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارێکی بۆ سەرکۆنەکردنی ژەهراویبوونی جێگای گۆمانی کچە خوێندکارەکانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد.

بڕیارنامەکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی کردبوو سەبارەت بە ژەهراویبوونی کچان و سەپاندنی سزای پەیوەست بەو بابەتە.

ژەهراوی بوونی قوتابیان لە ئێران لە ماوەیەک پیش ئێستاوە لە قوتابخانەکانی شاری قوم دەستی پێکرد و دواتر قوتابخانەکانی دیکەی لە شارەکانی تری ئیڕان گرتەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی پەرلەمانی ئەوروپا، بڕیارنامەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفاف و بێلایەنانە سەبارەت بە ژەهراویبوونەکان ئەنجام بدەن و لێپرسینەوە لە بکەرانی بکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG