Accessibility links

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان ژمارەیەک لە منداڵ و ڕۆژنامەوانان دەکوژرێن و بریندار دەبن


لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە نێو کۆبوونەوەی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس لە ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە شاری مەزار شەریفی ناوەندی ویلایەتی بەلخ، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی سەرچاوە نێوخۆییەکان، تەقینەوەکە کاتێک ڕوویداوە کە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لەو ناوەندەدا بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانی ڕۆژنامەنووسان کۆبوونەتەوە.

هەروەها دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی میدیایی و کەسایەتییە ئایینیەکانیش لەو مەراسیمەدا ئامادە بوون.

بە پێی هەواڵێکی ڕۆیتەرز، عەبدولنافی تەکوور، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان ڕایگەیاندوە کە تەقینەوەکە لە ناوەندی ڕۆشنبیری تێبیان بووە.

تاکوور بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە کە جیا لە کۆژراوەکان، پێنج ڕۆژنامەنووس و سێ منداڵیش بریندار بوون.

ناوەندی تێبیان یەکێکە لەو ناوەندە کولتورییانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی دەکات و یەکێک لە لقەکانی لە ساڵی 2017 لەلایەن داعشەوە لە کابول هێرشی کرایە سەر.

بە گوێرەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز تا ئیستا ڕوون نەبووەتەوە کێ لە پشت تەقینەوەکەوە بووە.
تەقینەوەکەی ئەو ناوندە دوو ڕۆژ دوای هێرشە خۆکوژییەکەی سەر محەمەد داود موزەمێل، پارێزگاری مەزار شەریف ڕوویدا کە لە ئەنجامدا ئەو بەرپرسەی تاڵیبان کوژرا. هێرشێک کە داعش ڕایگەیاند کاری ئەو بووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG