Accessibility links

ڕکابەرە شەڕکەرەکانی یەمەن لە جنێڤ باس لە ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەکەن


نوێنەرانی حکوومەتی یەمەن و یاخیبووانی حوسییەکانی سەر بە ئێران، ڕۆژی شەممە لە جنێڤ بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەستیان بە دانوستانەکان کرد و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەردوولا کرد کە بەشداری گفتوگۆی "جیدی" بکەن.

خولی نوێی دانوستانە داخراوەکان لە نێوان ساڵانێک شەڕی ناوخۆدا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

هانس گروندبێرگ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن لە بەیاننامەیەکدا وتی: هیوادارم لایەنەکان ئامادەبن گفتوگۆی جددی و داهاتوو بکەن بۆ ئەوەی ڕێکبکەون لەسەر ئازادکردنی زۆرترین دەستگیرکراوان.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکان کە بەپێی زانیارییەکان بڕیارە 11 ڕۆژ بخایەنێت، حەوتەمین کۆبوونەوەیە کە ئامانج لێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە ستۆکهۆڵم ئەنجامدرابوو.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر "ئازادکردنی هەموو زیندانییەکان، دەستبەسەرکراوان، کەسانی ونبوو، کەسانی دەستبەسەرکراو و بەزۆر بێسەروشوێنکراو، و ئەوانەی لە ژێر دەستبەسەری ماڵەوەدان"، کە لە پەیوەندی لەگەڵ ململانێی نزیکەی دە ساڵەی یەمەن، "بەبێ هیچ مەرجێک". .

ICRC واتە خاچی سووری نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو بە نێوەندگیری نووسینگەی گروندبێرگ "ئەنجامی ئازادکردنی زیندانییەکانی هەردوولا بووە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ساڵی 2020دا زیاتر لە هەزار و 50 دەستگیرکراو ئازادکراون و گواستنەوەیان بۆ هەرێمی ڕەسەن یان وڵاتی خۆیان بۆ دابینکراوە، ئەوەش دوای ڕێککەوتنێک کە لایەنەکان ئەنجامیانداوە".

دوایین کۆبوونەوەکە نزیکەی ساڵێک دوای ئەوە دێت کە حوسییەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر گۆڕینەوەی دیلەکان کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی 1400 یاخیبوو لە بەرامبەر 823 چەکداری لایەنگری حکومەت، لەنێویاندا 16سعودی و سێ هاووڵاتی سودانی.

بەڵام لەو کاتەوە لایەنە شەڕکەرەکان زنجیرەیەک وتووێژیان لە عەممانی پایتەختی ئوردن ئەنجامداوە کە هیچ پێشهاتێکی لێنەکەوتەوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت: "ICRC پابەندە بە پشتگیریکردن لە جێبەجێکردنی ئازادکردن و ئاڵوگۆڕکردنی دەستگیرکراوەکان لە داهاتوودا، هەروەها بە گەڕاندنەوە یان گواستنەوەی دەستگیرکراوەکانی ئازادکراو لە سەرانسەری هێڵی پێشەوە بۆ ماڵەکانیان".

بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "نێوەندگیرییەکی بێلایەنە لەم پرۆسەیەدا"، ICRC وتی "بەشدار نەبووە لە دانوستانەکاندا سەبارەت بەوەی کێ بەڕاستی ئازاد دەکرێت و ناسنامەی دەستگیرکراوەکان پێشنیارکراون و قبوڵکراون بۆ ئاڵوگۆڕکردن لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە".

مەجید فەدایل ئەندامی شاندی حکومەتی یەمەن ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی فەرمیی سەبا، وتی ئامانجی دانوستانەکان "گەیشتن بە لێکتێگەیشتنە سەبارەت بە وردەکارییەکان"ی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.

هەر لەو ڕۆژەدا لە پۆستێکی تویتەردا، نوێنەری پێشەنگی حوسییەکان بۆ دانوستانەکانی جنێڤ ڕایگەیاند، هیوادارە دانوستانەکان ئەنجامێکی کۆنکرێتی لێبکەوێتەوە.

عەبدولقادر مورتەدە وتی: هیوادارین ئەم خولە یەکلاکەرەوە بێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG