Accessibility links

ئەمەریکا بە بڕی دوو ملیار دۆلار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، پنتاگۆن بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پاکێجێکی نوێی یارمەتی بە بڕی دوو ملیار دۆلاری بۆ ناردنی تەقەمەنی زیاتر و جۆرەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک و پێشکەوتوو بۆ ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت.

یارمەتییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە ڕادەگەیەنرێت کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا بۆ کیێڤ بەڵێنیدا کە وڵاتەکەی ڕێز لە بەڵێنەکانی خۆی لەگەڵ ئۆکرانیا دەگرێت.

بایدن بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و خەڵکی ئۆکرانیای ڕاگەیاند و گوتی "ئەمریکییەکان و جیهان لە تەنیشتتانەوە وەستاون".

لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی پنتاگۆن ڕایگەیاندووە هاوکارییەکان چەند جۆرەیەک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرێت، لەوانەش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سویچ بلەید 600 کامیکازی نوێکراو و هەروەها ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی جەنگی ئەلیکترۆنی.

پاکێجی هاوکارییە نوێکان، پارەی تەقەمەنی بۆ سیستەمی موشەکی تۆپخانەیی و تەقەمەنی بۆ سیستەمی موشەکی ڕێنماییکراوی لەیزەریش لەخۆدەگرێت.

پنتاگۆن وردەکارییەکانی لەو بارەیە کە لە هەر جۆرە سیستەمێک چەندانە دەکڕدرێت، نەخستووەتەڕوو.

کۆی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بەم پاکێجە نوێیە دەگاتە 32 ملیار دۆلار هاوکاری ئەمنی بە ئۆکرانیا.

لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە یەکەمین ساڵیادی لەشکرکێشی ڕووسیا دەرفەتێکە بۆ هەموو ئازادیخوازان کە پابەند ببنەوە بە پاڵپشتیکردنی بەرگریکارە ئازاکانی ئۆکرانیا و بیریان بخرێتەوە کە سنوری مەترسییەکانی شەڕی ڕووسیا، ئۆکرانیاش تێدەپەڕێنێت و زۆرتر دەڕوات.

سەرچاوە/ئەسۆشێتد پرێس

XS
SM
MD
LG