Accessibility links

کەنەدا پشتیوانی لەو ئێرانییانە دەکات کە موڵەتی نیشتەجێبوونی کاتیان لەو وڵاتەدا هەیە


حکومەتی کەنەدا ڕۆژی پێنجشەممە لە چوارچێوەی "پێشێلکاریی توند و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ" لە ئێراندا، سووککردنی ڕێساکانی کۆچبەری بۆ ئێرانییەکان لەو وڵاتەدا ڕادەگەیەنێت.

وەزارەتی کۆچبەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەم ڕێوشوێنانە ئاسانکاری بۆ ئەو ئێرانییانە دەکات کە دەیانەوێت موڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی خۆیان لە کەنەدا درێژ بکەنەوە.

بە پێی بڕیارەکەی حکومەتی کەنەدا، ئەو ئێرانییانەی کە موڵەتی نیشتەجێبوونیان تەواو بووە و دەیانەوێ زۆرتر لەو وڵاتەدا بمێنەوە، دەتوانن داوای مۆڵەتی نوێ بکەن بۆ خوێندن یان کارکردن لە کەنەدا و لە هەندێک پارەی پرۆسێسکردن ئەو داوایەش بەخشراو دەبن.

هەروەها دەتوانن داوای مۆڵەتی کارکردن بکەن کە ڕێگەیان پێدەدات هەر پیشەیەک ئەنجام بدەن و بۆ هەر خاوەنکارێک بە دڵی خۆیان.

شان فرەیزەر، وەزیری کۆچبەرانی ئەو وڵاتە گوتی "لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ، کەنەدا لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژیانەدا ناتوانێت بێباک بێت و هیچ نەکات."

لە بەیاننامەکەی حکومەتی کەنەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێوشوێنەکان لە 1ی مانگی3وە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە داواکاریی ئێرانییەکان لەو ڕووەوە لە کەنەدا لەسەر بنەمای ئەولەویەت جێبەجێ دەکرێن.

کەنەدا لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین سزای بەسەر ڕێکخراو و بەرپرسانی ئێراندا سەپاندووە بۆ شەرمەزارکردنی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت کە لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینیەوە لەکاتی دەستبەسەربوونی لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە سەریانهەڵدا.

سەرچاوە/ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG