Accessibility links

کۆشکی سپی : دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و چین لە هەوڵی پەیوەندیدان، بەڵام نەوەک لە بواری سەربازیدا


کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ چین دوای خستنەخوارەوەی باڵۆنێکی سیخوڕی چینی لەم مانگەدا، کراوەن، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان سوپای وڵاتەکان هێشتا بە داخراوی دەمێنێتەوە.

جان کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە "کاتی گونجاو" نییە بۆ ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشت بکات بۆ چین، ئەمەش دوای ئەوەی گەشتەکەی لە 5 و 6 ئەم مانگە بەهۆی باڵۆنەکەوە دواخرا، بەڵام سەرۆک جۆو بایدن بەتەمایە لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینپینگ لە کاتێکی گونجاودا قسە بکات.

کێربی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و چین سەرەڕای گرژییەکان لەسەر ڕووداوی باڵۆنەکە هێشتا دەتوانن پەیوەندیان هەبێت.

گوتیشی "من دان بەوەدا دەنێم کە گرژی هەیە، بەڵام وەزیری دەرەوە بلینکن هێشتا هێڵێکی کراوەی پەیوەندی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چیندا هەیە. ئێمە هێشتا باڵیۆزخانەمان لە پەکین کراوەیە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش دەتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کارمەندانی باڵوێزخانەی کۆماری گەلی چین لێرە هەبێت."

گوتی "بەداخەوە هێڵە سەربازییەکان کراوە نین و بەڕاستی ئەوە ئەوەیە کە ئێمە پێمان خۆشە هەموار بکرێتەوە."

چین چەندین کەناڵی پەیوەندی سەربازی بۆ سەربازی و بوارەکانی دیکەی گفتوگۆی دوولایەنەی داخستوە، ئەمەش دوای سەردانێکی مانگی 8ی نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ دوورگەی تایوان کە چین بانگەشەی خاکەکەی دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە بایدن وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ڕووداوی باڵۆنەکە. ئاماژەی بەوەشکرد پێشبینی دەکات لەگەڵ سەرۆکی چین لەو بارەیەوە قسە بکات و هیوادارە بگاتە ئەنجام.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کێربی گوتی واشنتن بە فەرمی داوای پەیوەندی لەگەڵ شی نەکردووە، بەڵام زیادی کرد "ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە ئەوە ڕوونادات."

کێربی دەڵێت "هیچ پێشمەرجێک نییە بۆ پەیوەندیکردن و سەرۆک دەیەوێت لە کاتی گونجاودا گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک شی بکات".

بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن دوایین جار بایدن و شی لە کۆبوونەوەیەکی مانگی نۆڤەمبەردا لە دوورگەی بالی قسەیان کردووە و هەردوولا گەشتەکەی بلینکنیان بۆ پەکین وەک دەرفەتێک بۆ هەوڵەکانی بەدواداچوون بۆ سەقامگیرکردنی پەیوەندییە پڕ لە گرژییەکانیان زانیوە.

ئەم لێدوانەی کێربی لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمەریکا چاویان لە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و دیپلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە لە ڕۆژی هەینیەوە دەستیپێکردوە.

کامالا هەریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە لە میونشنە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا، بەرگری لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی بەڕێوبەرایەتی بایدنی کرد سەبارەت بە ڕووداوی باڵۆنەکە و خستنەخوارەوەی سێ شتێکی دیکەی نەناسراو.

ئاماژەی بەوەشکردووە "پێویست بوو تەقەیان لێبکرێت، چونکە دڵنیا بووین کە چین بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکی ئەمەریکادا بەکاری هێناون".

کاتێک سوپای ئەمەریکا باڵۆنەکەی لە کەناری کارۆلینای باشوور خستە خوارەوە، چین کاردانەوەی تووڕەیی نیشاندا و گوتی کەشتییە ئاسمانییەکە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی کەشوهەوا بووە کە لە ڕێڕەوی خۆی دوورکەوتووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG